کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێکی سیاسی لە وڵاتی بریتانیا لەسەر شۆڕشی ژینا و پێشهاتەکانی لە ئێران و کوردستان

18:37 - 6 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ناوەندی فەرهەنگیی ڕۆژهەڵات لە شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیا، سیمینارێکی سیاسیی لەسەر شۆڕشی ژینا و پێشهاتەکانی لە ئێران و کوردستان بۆ دوکتور "هێمن سەیدی"، شرۆڤەکاری سیاسی پێک هێنا.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێ کرد.

دواتر دوکتور هێمن سەیدی باسی لە شۆڕشی ژینا و پێشهاتەکانی ئەم شۆڕشە لە ئاستی کوردستان و سەرانسەری ئێراندا کرد و ئاماژەی بە گۆڕانکارییە گرینگەکانی ئەم شۆڕشە بە گشتی و بەتایبەت یەکگرتنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ نەتەوەی کورد کرد کە پیلانی ٩٠ ساڵەی دوژمنانی کورد کە کوردیان بە جیاییخواز پێناسە دەکرد، پووچەڵ کردەوە.

ناوبراو لەو بەشە لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە نەتەوەکانی دیکەی ئێران، ئێستا شانازی بە نەتەوەی کوردەوە دەکەن و دان بە بوونی ئەم نەتەوەیە لە ئێراندا دەنێن.

دوکتور هێمن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە یەکگرتوویی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی زەروورەت و پێویستییەکی گرینگە بۆ دۆخی ئێستای ئێران بە گشتی و تێپەڕبوون لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا ئامادەبووان کە بەشێکی بەرچاویان ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشێکی دیکەش ڕەوەندی کوردیی نیشتەجێی وڵاتی بریتانیا بوون، پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی دوکتور هێمن سەیدی کرد و ناوبراویش بە وردی وڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.