کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ئێمە هاوڕای مەنشوری جۆرج تاون نین و داوا لە خەڵکی کوردستان ناکەین پشتیوانیی لێ بکەن

12:13 - 7 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە پێشنیار و هاوکاریی دوکتور ڕەزا موریدی، وەزیری پێشووی پەروەردەی کانادا، کۆبوونەوەیەک بۆ باسکردن لەسەر داهاتووی ئێران و پەرەپێدان بە کولتووری دیالۆگ لەنێو نەتەوەکانی ئێران و کۆماریخوازەکان، بە بەشداریی وتەبێژی حیزبی دێموکرات، بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر بە گەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکەوە بەخێرهاتن کرا و داوای لێ کرا لەبەر گرینگی و بایەخی پێگەی حیزبی دێموکرات وەکوو یەکەم وتاربێژ لەو کۆبوونەوەدا قسە بکات.

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قسەکانیدا بە ڕوونی ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات هەردوو سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکاتەوە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لایەنگرانی فکر و جەریانی دیکە لە ئێران بوونی هەیە و کۆماریخوازی دەتوانێت بژاردەیەکی گونجاو بێت بۆ ئاڵتێرناتیڤ لە ئێرانی داهاتوو.

وتەبێژی حیزب لە درێژەی باسەکەیدا وتی: ''من لێرە وەکوو تاک قسە ناکەم و بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قسە دەکەم. حیزبی دێموکرات باوەڕی بە ڕێکەوتن لەگەل حیزبەکانە و پێمان وایە وڵات بە سێلیبرێتی بەڕێوە ناچێت و حیزبەکان بۆ ئیدارەکردنی ئێرانی داهاتوو دەبێ ڕێک بکەون.''

ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتی: ''حیزبی دێموکرات هیچ کات لە پێوەندی لەگەڵ بونیاتنانەوە و ئیدارەی ئێران بێ موبالات نەبووە و بۆ یەکیەتی لەنێوان حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دژی کۆماری ئیسلامی بەهای قورسی داوە کە تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی لەو ڕاستایەدا بوو. بەڵام ئێمە بۆ داهاتووی ئێران ڕا و بۆچوون و ڕێگەچارەی خۆمان هەیە، لەسەر ئەو بابەتە کار دەکەین و بۆ داهاتووش کەمترخەم نابین.''

وتەبێژی حیزبی دێموکرات وتی: ئێمە هاوڕای مەنشوری جۆرج تاون نین و داوا لە خەڵکی کوردستان ناکەین پشتیوانی لەو مەنشوورە بکەن. ئاڵتێرناتیڤسازی دەبێ لە ڕووی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانەوە بێت و ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و خوازیاری ئێرانێکی دێموکرات و فیدراڵین.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە: "ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات بەرنامە و خواستی خۆمان هەیە و سەرقاڵی پێکهێنانی بەرەیەکین لە حیزب و ڕێکخراوەکان" و هیوای خواست نوێنەری فارسەکانیش وەکوو نەتەوەیەک بێنە ناو کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و بەشدار بن."