کەریم پەرویزی
ده‌ڵێن خاك مه‌یلبڕه، گوایه مرۆڤه‌كان گیرۆده‌ی یه‌كن و ئه‌و گیرۆده‌ییه گه‌ر به هیچ دابڕانی نه‌بێ، كه یه‌كیان ڕۆیشته بنی خاكه‌وه، ئیدی ئه‌وی تر مه‌یلی بۆی داده‌بڕێ و ئه‌و گیرۆدهییهی نامێنێ.
ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاست بێ، ڕەنگه مردن پسانی زنجیری هه‌ستی مرۆڤه‌كان بۆ یه‌ک بێ. به‌ڵام هه‌ندێ جار خاک نه‌ك مهیلبڕ نییه، به‌ڵكوو خاكه‌كه‌ش گیرۆده‌ی كه‌سه‌كه ده‌بێ.
كورته ڤییدۆیهک له سه‌ر خاكی كه‌سێك گیراوه كه به‌سه‌ر خاكه‌كه‌دا ئاڵایه‌ک و جامانه‌یه‌ک دانراوه.
خۆی له خۆیدا، ئه‌م دیمه‌نه ڕه‌نگه شتێكی زۆر ساكار بێ. ڕه‌نگه گه‌ر له مانای هێماكانی قووڵ نه‌بیه‌وه، شتێكی ئه‌وتۆت پێ نه‌ڵێ و به لایدا به سانایی تێپه‌ڕی:
له ده‌شتێكدا، تۆزێكی ده‌سكاری كراوه و هه‌ندێک خاكه‌كه به‌رز بۆته‌وه. به ده‌وری خاكه بهرزبووهكهدا هه‌ندێک به‌رد چنراوه، دوو تیكه په‌ڕۆی پێدا دراوه، یه‌كێک له پهڕۆیهكان سێ ڕه‌نگی سوور و سپی و سه‌وزه و له نێو سپییایهكه زهردێك هه‌یه كه شێوه‌ی خۆر ده‌دا! پهڕۆیهكهی دیكه ڕه‌ش و سپیی خانه‌خانه‌یه!
گه‌ر ئاوا بڕوانیته دیمه‌نه‌كه، شتێكی زۆر سانا دێته به‌رچاو؛ گه‌ر ئه‌و په‌ڕۆ سێ ڕه‌نگه به خۆرهكهیهوه ناوی ئالای لێ بنێی و ئه‌وی دیكه‌ش بڵێی جامانه‌یه و به سه‌ر بسته خاكێكدا دراون، تۆزێک دیمه‌نه‌كه قورس‌تر ده‌كاته‌وه. ئاڵای سێ ڕه‌نگ، ڕه‌نگی سووری شه‌هیدان و سپیی ئاشتی و سه‌وزی ئاوه‌دانی و خۆری هه‌قیقه‌تی كوردان، پیرۆزییه‌ک به دیمه‌نه‌كه ده‌دا. جامانهكهش هێمای پێشمه‌رگه گیانفیدا و گیانله‌سه‌رده‌سته‌كانی كوردستانه. به‌ڵام كه ده‌زانی له‌و بن خاكه‌دا ته‌رمی سالاری ئیبراهیمی له فه‌رمانده به‌ناوبانگه‌كانی حیزبی دێموكرات نێژراوه، ئیدی به‌ته‌واوی كه‌شه‌كه ده‌گۆڕێ... شه‌هید ناوێكی دیكه و هێمایه‌كی دیكه‌ی به دیمه‌نه‌كه داوه و خاكه‌كه‌شی گۆڕیوه!
ئیدی لێره‌دا خاک مهیلبڕ نییه، به‌ڵكوو خودی خاكه‌كه گیرۆده‌ی شه‌هید بووه! ئه‌م خاكه سانایه، كه له دڵی خۆیدا ته‌رمی شه‌هیدێكی هه‌ڵگرتووه، ته‌نانه‌ت ناوه‌كه‌شی ده‌گۆڕێ و ده‌بێ به نیشتمان!
بست به بستی خاكی كوردستان بگه‌ڕێی، هه‌ر وه‌ک شاعیری پایه‌به‌رز عه‌بدوڵڵا په‌شێو ده‌ڵێ، كه‌مێک سه‌ر داخه و تاجه گوڵینهكهت دانێ، چونكه له به‌ست به بستی ئه‌م خاكه‌دا گیانفیداییه‌ک تۆمار كراوه و هه‌ر گۆشه‌یه‌كی ده‌كرێ شه‌هیدێكی له دڵدا هه‌ڵگرتبێ.
شه‌هید نه‌ک ناوی خاک ده‌گۆڕێ و نه‌ک خاكیش گیرۆده‌ی خۆی ده‌كا و ئیتر توانای مهیلبڕینی ناهێڵێ، به‌ڵكوو پێگه‌ی مرۆڤیش به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێ.
مرۆڤێک كه تا چركهساتێک پێشتر یه‌كێک بوو له‌نێو ملیۆنانی دیكه‌دا كه هه‌رچی خه‌بات و تێكۆشان و گیانبازیشی كردبێ، ڕه‌نگه هه‌ڵه بكا و جێی ڕه‌خنه بێ، به‌ڵام له یه‌ک چركه‌ساتدا و به به‌ختكردنی گیانی له‌و دۆخه ده‌ر ده‌چێ و ئیدی نه‌ک هه‌ڵه ناكا و جێی ڕەخنه نییه، به‌ڵكوو ده‌بێته به‌رزه‌مرۆڤ، ئه‌وه‌ی كه خاک و مرۆڤ و ته‌نانه‌ت مێژووش ده‌گۆڕێ.
ڕۆژی شه‌هیدانی كوردستان، ڕۆژی ١٠ی خاكه‌لێوه ئه‌و ڕۆژه‌یه كه سه‌رقافڵه‌ی كاروانی شه‌هیدان، پێشه‌وای نه‌مر تێیدا له سێداره درا. حه‌مه‌ڕه‌زای پاڵه‌وی ڕق و كینێكی فراوانی له پێشه‌وای كوردان بوو، نه‌ک له‌به‌ر ڕق و كینی تاكه‌كه‌سی و پرسێكی شه‌خسی به‌ڵكوو له‌و باره‌وه ڕقی لێ بوو چونكه ده‌سه‌ڵاته سهرهڕۆیانهكهی به گاڵته گرتبوو و له‌سه‌ر خاكی كوردستان ئاڵای كۆماری هه‌ڵدابوو! پاشای پاڵه‌وی خۆی به پاشای وڵاتی ئێران ده‌زانی و خاوه‌نی نه‌ته‌وه‌كه!. پێی وابوو یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک سروود و یه‌ک ئاڵا و یه‌ک پاشای هه‌یه. به‌ڵام پێشه‌وای كوردان و ڕێبه‌ری حیزبی دێموكرات واته قازی محەممه‌دی نه‌مر، به ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان پێی گوت كه ئێران یه‌ک نه‌ته‌وه نییه، ئاڵای كوردستانیشی هه‌ڵدا تا بڵێ كه ته‌نیا یه‌ک ئاڵا نییه و سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبی به گوێی دۆست و دوژمنان‌دا هێنا تا بڵێ كه یه‌ک سروود نییە و وه‌كوو سه‌رۆكی كوردان ئێعلانی جمهووریی كرد تاكوو به حه‌مه‌ڕه‌زا بڵێ كه ئه‌ویان وه‌كوو پاشاش قبووڵ نییه. هه‌ر بۆیه پاشای ملهوڕی پاڵه‌وی دوای ڕووخانی كۆماری كورستان ڕق و كینی كۆلۆنیالیستیی به‌سه‌ر كوردستان و سهرۆکكۆمارهكهیدا هه‌ڵڕشت و له به‌ره‌به‌یانێكی به‌هاریدا ویستی كوردستان تووشی خه‌زان بكا و پێشه‌وا و هاوڕێیانی له سێداره دا.
كاروانی شه‌هیدانی كوردستان دوور و درێژه و تا گه‌یشتنی كاروانی خه‌بات به سه‌رمه‌نزڵی سه‌ربه‌ستیی نیشتمان و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی كورد، ڕه‌نگه درێژتریش ببێ. به‌ڵام هیچكام له‌و سوورخهڵاتانهی كوردستان، به هۆی ڕق و كین و مامه‌ڵه‌یه‌كی شه‌خسی و كه‌سییه‌وه گیانیان لێ نه‌ستێندراوه و پرسه‌كه‌یان پرسێكی تاكه‌كه‌سی نییه، به‌ڵكوو پرسی ماف و ئازادیی گه‌لێكه.
هه‌ر بۆیه ڕێبه‌ری نه‌مر دوكتور قاسملوو ده‌ڵێ كه باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌دانی ڕێگایانه. له‌باتی باس له تۆڵه‌كردنه‌وه باس له درێژه‌دانی ڕێگا ده‌كا چونكه تۆڵه پرسه‌كه ده‌كا به پرسێكی شه‌خسی كه دوای كوژرانهوهی یه‌كێک یان ده‌یان كه‌س له هێزی دوژمن ئیدی پرسی تۆڵه كۆتایی پێ دێ و خوێن له به‌رامبه‌ری خوێنه. به‌ڵام كاروانی شه‌هیدانی كوردستان پرسێكی تاكه‌كسی و شه‌خسی نه‌بووه و نییه و بۆیه پرسی تۆڵه‌كردنه‌وه نییه به‌ڵكوو پرسی درێژه‌دانی ڕێگایه. واته چونكه پرسه‌كه پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌كه، تۆڵه‌ی ئه‌و خوێنانه كاتێک ده‌كرێته‌وه كه پرسی نه‌ته‌وه‌كه به كۆتایی هاتبێ و كورد ئازاد و كوردستان ڕزگاری بووبێ.
به درێژایی خه‌باتی كورد بۆ گه‌یشتن به ماف و ئازادییه‌كانی، ده‌یان و بگره سه‌دان هه‌زار قوربانیی داوه و له‌پێناوی ئازادی‌دا كاروانێكی دوور و درێژی له گیانه ئازیزه‌كانی پێشكه‌ش كردووه.
شه‌هیدبوونی هه‌ر تاكێكی كورد، لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێڕین و گه‌وره له مێژووی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه ئاماده‌یه به ئیراده‌ی به‌رزه‌وه له‌پێناوی به‌رابه‌ر و هاوتا ژیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا، به‌ها و نرخه‌كه‌ی بدا. به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانین كه نه‌ته‌وه‌ی كورد مه‌رگدۆست نییه و شه‌هید كه لای ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه گرانبه‌ها و پڕبایه‌خه و وه‌كوو بهرزهمرۆڤێك چاوی لێ ده‌كا، نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌یه كه مه‌رگی خۆش بوێ به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ڕێز له گه‌وره‌یی ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێ كه له‌پێناوی به‌خته‌وه‌ریی كه‌سانیتردا ئاماده‌ن گیانیشیان به‌خت بكه‌ن.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه كه له‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی سه‌ر هه‌ڵده‌دا چونكه له‌پێناوی ژیانی باشتردا خه‌بات ده‌كا و وه‌كوو دوكتور قاسملوو ده‌ڵێ تا ژن ڕزگاری نه‌بێ كۆمه‌ڵگا به به‌خته‌وه‌ری ناگا و بۆیه خه‌بات و گیانبازیش هه‌ر له‌پێناوی ژیانی باشتر و شیاوی مرۆڤی وشیاری ئه‌م سه‌رده‌مه‌دایه.
خاک له كوردستان، به‌رامبه‌ر به شه‌هیده‌كان مهیلبڕ نییه و خۆی عاشقی شه‌هیده‌كان بووه و له دڵی خۆیدا ڕایانده‌گرێ تاكوو ئه‌و ڕۆژه‌ی ڕزگاری و ئازادی باڵ به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌كێشێ و ئه‌وده‌م هه‌موو ئه‌و شوێنه به به‌ها و نرخانه‌ی كه ته‌رمی شه‌هیده‌كانیان تێدا نێژراوه، ده‌بنه جێگه‌یه‌كی گرنگ و هێمادار بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌ی ژیانبه‌خشین و داهاتوو بونیاتنان.
یادی شه‌هیدان به‌رز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین