کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی تۆرێنتۆ

16:09 - 8 خاکەلێوه 2723

ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوە، کۆبوونەوەیەک بۆ باسکردن لەسەر داهاتووی ئێران و پەرەپێدان بە کولتووری دیالۆگ لەنێو نەتەوەکانی ئێران و کۆماریخوازەکان، بە بەشداریی وتەبێژی حیزبی دێموکرات، بەڕێوە چوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی، پشتیوانییان لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، دوکتور مێهران بەراتی، کۆماریخواز و چالاکی سیاسیی ئێرانی و دوکتور ڕەزا موریدی، وەزیری پێشووی لێکۆڵینەوە، زانست و داهێنان لە کانادا لە لێدوانێکی تایبەت لەگەڵ ''کورد کاناڵ''، پشتوانییان لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران و هەڵوێستەکانی کاک مستەفا هیجری و کاک خالید عەزیزی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی "داهاتووی ئێران و پەرەپێدان بە کولتووری دیالۆگ لەنێو نەتەوەکانی ئێران و کۆماریخوازەکان" لە شاری تۆرێنتۆ لە وڵاتی کانادا، دوکتور مێهران بەراتی،  کۆماریخواز و چالاکی سیاسیی ئێرانی، لە لێدوانێک لەگەڵ "کورد کاناڵ" وتی: ''حیزبی دێموکرات یەکێک لە حیزبە لەمێژینەکانی ئێرانە و پێشتریش لەگەڵ دوکتور قاسملوو پێوەندیم هەبووە و لە ڕێنەماییەکانی لە بواری سیاسی، کەڵکمان وەردەگرت و بە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفڕانسە زیاتر لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری و بەتایبەت کاک خالید عەزیزی ئاشنا بووم.''

 ناوبراو لەسەر سێلیبێرتییەکان باسی لەوە کرد کە ئەو کەسانە دەتوانن لە پشتیوانیکردنی شۆڕش و گەیاندنی دەنگی خەڵک بە جیهان یارمەتیدەر بن، بەڵام ناتوانن وڵاتداری بکەن، چونکە بەڕێوەبردنی وڵاتێک پێویستی بە پێکهاتەی سیاسی هەیە و پێکهاتەی سیاسیش لە بوونی حیزبەکان بە بەرنامە و ڕوانگەی جیاوازەوە دروست دەبێت.

هەروەها دوکتور ڕەزا موریدی، وەزیری پێشووی لێکۆڵینەوە، زانست و داهێنان لە کانادا لە لێدوانێکی تایبەت لەگەڵ ''کورد کاناڵ'' وتی: ''بابەتێک کە بۆ داهاتووی ئێران زۆر گرینگە ئەوەیە کە حیزبەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران و حیزبە سەرتاسەرییەکان دەبێ لەگەڵ یەکتر هاوپەیمان و یەکگرتوو بن و بێگومان بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو دەبێ نیشاندەری ڕەنگاوڕەنگیی ئەو وڵاتە بێت."

ڕەزا موریدی، کاک مستەفا هیجری و کاک خالید عەزیزیی بە سیاستوانانی دیاری کوردستان و ئێران وەسف کرد و قسەکانی کاک خالیدی بەجێ و بۆ لێفێربوون ناو لێ برد، بەتایبەت لەو شوێنەی کە وتی: ئێرانی داهاتوو دەبێ لە ڕێگەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە ئیدارە بکرێت.

ناوبراو باسی لەوە کرد: ئاشکرایە کە لە دونیای مۆدێڕنی ئەمڕۆدا ئەوە حیزبەکانن کە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن و حیزبی دێموکرات لەو حیزبانەیە کە بەو مێژووەی کە هەیەتی، ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت.