کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای نەختی، بەندکران و قامچی بەسەر چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆدا

16:38 - 8 خاکەلێوه 2723

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیم لەو شارە بە ١٢٠ مانگ بەندکران، ٥٠ زەربە قامچی و ١٩ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی حوکم دران.

بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لقی ١٠١ی دادگای ڕێژیم لە شاری شنۆ بە سەرۆکایەتیی قازی ڕەزایی، بۆ چوار هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی "سولەیمان ئەرەس‌زادە، هەژار مەحموودیان، فەرعان حەسەن‌زادە و سەنعان قادرزادە"، بە تۆمەتی چالاکی بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و هەروەها هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی و هەڵگرتنی چەک، حوکمی قورسی دەر کردووە.

حوکمەکان کە بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا سەپێندراوە بەم شێوەیەیە: سولەیمان ئەرەس‌زادە ٢ ساڵ بەندکران، هەژار مەحموودیان ٤ ساڵ بەندکران و ٥٠ زەربە قامچی و ١٩ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی، سەنعان قادرزادە ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و فەرعان حەسەن‌زادە ٢ ساڵ بەندکران.

جێی ئاماژەیە کە ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە نیوەشەوی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری شنۆ دەسبەسەر کران و بۆ زیندانی ڕێژیم لە ورمێ گوازرانەوە و دوای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.