هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان، سەردانی ئەنستیتۆی "فریدریش ئیبرت شتیفتونگ" لە شاری "برلینـ"ـیان کرد.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان بە هاوڕێیەتی شوان ئازەرلوو، ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان، لەگەڵ "ماركۆس شنایدر و دوكتور كۆنستانت ویچل"، بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ئەنستیتۆی "فریدریش ئیبرت شتیفتونگ"، دیداریان کرد.
سەرەتا هەیئەتی كۆمیتەی حیزب كورتەیەكیان لە مێژووی حیزب و جێگە و پێگەی حیزب لە جووڵانەوەی كورد لە ئێران بۆ لایەنی خانەخوێ باس كرد و پاشان باسێكی تێروتەسەلیان لەسەر قەیرانەکان و هەلومەرجی ئێستای ئێران پێشکەش كرد.
لەو پەیوەندییەدا ڕێگەچارەكانی حیزبی دێموکراتیان بۆ كێشەكانی ئێستا و داهاتووی ئێران خستەڕوو کە خۆی لە سیستمێكی دێموکرات، فیدراڵ، سێكولار و عەداڵەتخواز بۆ ئێرانێكی فرەنەتەوە دەبینێتەوە.
هەیئەتی ئەنستیتۆی "فردریش ئیبرت شتیفتونگ"، لەسەر بابەتە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران و هەلومەرجی ئێستای ئێران و شۆڕشی ژینا گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان لەگەڵ وەفدی حیزبدا هێنایە ئاراوە.
دوو وەفد بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لە كەشێكی دوستانەدا لەبارەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئێران و كوردستان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕایان كرد و بڕیاریان دا كە ئەو دیدارانە درێژە پێ بدەن.