کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەگەڵ سەرۆکی کۆمیتەی "دۆستایەتیی کورد و کانادا"

16:37 - 9 خاکەلێوه 2723

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ کەسایەتی، ڕێکخراو، بنکە و بونیادە جۆراجۆرە جیهانییەکان، لە کانادا لەگەڵ "تۆم کمیچ"، پارلمانتار و سەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتیی کورد و کانادا لە پارلمانی ئەو وڵاتە، کۆ بووەوە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەم کۆبوونەیەدا سەبارەت بە دوایین ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ئێران، قسە و باسێکی پێشکەش کرد و لەم چوارچێوەیەدا بایەخی زیاتری بە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دا.

لە تەوەرێکی دیکەدا، کاک خالید عەزیزی، باسی لە سیاسەتەکانی کانادا لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران کرد و لەبارەی هەوڵەکان بۆ بە تیرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران دوا و داوای لەو پارلمانتارە کرد کە گرینگیی زیاتر بەو بابەتە بدەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، وتەبێژی حیزب سەبارەت بە بابەتە یاساییەکانی کانادا لەبارەی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە قسەیان کرد و لەم بارەوە کۆمەڵێک پێشنیار و بابەت تاوتوێ کران و بڕیار درا بە وردی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.

"تۆم کمیچ"، ئەندامی پارلمانی کانادا لەسەر لیستی پارتی پارێزکاران، باسی لە گرینگیی پرسی کورد و پێگەی مێژوویی حیزبی دێموکرات کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەنگاوەکانیان دژی ڕێژیمی ئێران قسەی کرد و باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا کانادا بووەتە شوێنی حەسانەوە و بازرگانیی مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی و لەم بارەوە ئاشکرای کرد حیزبی کۆنەپارێزان و هاوبیرەکانیان  بە جیددییەتەوە کار دەکەن تاکوو ئەو وڵاتە لە هەموو مەیدانەکاندا دژی تاران هەنگاو بنێت و کۆماری ئیسلامی لە بنکە و ناوەندە جیهانییەکان دەر بکرێت.

دوو لایەن وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لەو دیدارە، بڕیاریان دا پێکەوە درێژە بە دیدار و چاوپێکەوتنەکان بدەن، هەروەها بڕیاریان دا پێکەوە لەسەر چەند بەرنامەی هاوبەش دژی کۆماری ئیسلامی کار بکەن.

لەم دیدارەدا، ڕەحیم ڕەشیدی، ئەندامی ئەنستیتۆتی گوڵد بۆ ستراتیژیی نێونەتەوەیی، هاوڕێیەتیی وتەبێژی حیزبی کرد.

ناوبراو سپاسی دۆسایەتی و دڵسۆزی ئەو ئەندامەی پارلمانی کانادای کرد کە گرینگیی زۆر بە دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسەکانی گرێدراو بە ئێران دەدا و هەر ئەوەش وای کردووە لە شاری تۆرێنتۆ چاوی بە وتەبێژی حیزب بکەوێت.