کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، تێرۆر و شەهیدکردنی ڕێبەرانی کورد بە درێژایی خەباتەکەی، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە قەبووڵکردن و بەفەرمیناسینی ناسنامەیەک بە ناوی کوردبوون بەرەوڕووی بەربەستێکی گەورەی پراکتیکی و فکری بە ناوی پاوانخوازی بووەتەوە.
فۆرمی ئەم پاوانخوازییە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام عەقڵییەتێک کە بە دوای نکۆڵیکردن و سڕینەوی کورد و کوردستانە، هەر وەک خۆی ماوەتەوە.
پێشەوا بۆ ئێمە سەرچەشنی کوردبوونە، چ وەک دامەزرێنەری کیانێکی مێژوویی، چ وەک ڕێبازێک کە تا ئەمڕۆ پێداگری لەسەر دژایەتیی سیاسەتی پاوانخوازی دەکات، ڕێبازێک کە نیشتمانێکی ڕزگارکراو و ژیانێکی ئازاد بە بنەمای سیاسەتی خۆی دەزانێت و فیداکاریی بۆ دەکات، ئەو میرات و سەروەرییەی کە لە پێشەواوە بۆمان بەجێ ماوە، تەنیا کۆماری کوردستان نییە، بەڵکوو جێگیرکردنی ناسنامەیەکی جیاوازە بە تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و نیشتماندۆستییەوە.
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵات، هیچ ڕێگایەکی نییە، جگە لە وەفاداری، فیداکاری و پێداگری لەسەر ڕێبازێک کە شەهیدانی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوا بۆیان دیاری کردووین.
نەمری بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سەری ڕێز و وەفا بۆ سەرجەم بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.