کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی پێوەندییەکانی حیزب لە نۆروێژ لەگەڵ پارتی ڕاستی ئەو وڵاتە

12:19 - 10 خاکەلێوه 2723

بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لەگەڵ پارتی ڕاستی ئەو وڵاتە لە پارلمان، کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هاوڕێیانی بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ، پێکهاتوو لە گەلاوێژ محەممەدی، ئیدریس ئابدە و سیروان قادرزادە، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ دوو نوێنەری پارتی ڕاستی نۆروێژ، بە مەبەستی تاتۆێکردنی بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان پاش شۆڕشی ژینا، پێک هێنا.

"ئینیەرد شکەو"، ئەندام پارلمانی پارتی ڕاست و ئەندامی لیژنەی "کاروباری دەرەوە و بەرگری" لە پارلمان و بەڕێوەبەری کۆمیتەی کاروباری نێودەوڵەتیی حیزبی ڕاست و وەزیری پێشووی کاروباری کۆمەڵایەتی لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤ و "ئەلیکساندەر زلاتانۆس ئیبسن"، ڕاوێژکاری باڵا لە بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی نۆروێژ، بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا هەیئەتی حیزب باسێکیان لە ٨ خاڵدا پێشکەش کرد کە بریتین لە: "هۆکارەکان و شێوەی سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا و جیاوازی لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی پێشوو؛ باوەڕنەمان بە ڕێفۆرم  و نەمانی متمانە و مەشروعییەتی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو هەموو گەلانی ئێراندا؛ شێوەی ڕووبەڕوبوونەوەی پڕ لە توندوتیژی و بێبەزەییانەی ڕێژیمی ئێران، بە تایبەتی ڕوو بە نەتەوەی کورد و بەلووچ؛ باسکردنی ئاماری شەهیدانی شۆڕشی ژینا و ڕێژەی بەرچاوی شەهیدان لە نەتەوەی کورد و بەلووچ کە سەلمێنەری ڕووبەڕوبوونەوەی بێبەزییانەی ڕێژیمە،  بە بەراورد لەگەڵ ناوەندی ئێران؛ خاڵی هاوبەش و ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەسەر ئاڵتەرناتیڤ؛ فیدرالیزم وەک ڕێگاچارە و زامنی دێموکراسیی ڕاستەقینە لە ئێرانی فرەنەتەوەدا؛ داوای یارمەتی بۆ ڕەخنەگرتن لە هەر چالاکییەکی حکوومەتی نۆروێژ کە مەشروعییەت بە ڕێژیمی ئێران ببەخشێت و پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی نەتەوەی کورد و بەتایبەتی نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی."

پارتی ڕاستی نۆرویژ وێڕای هەستکردن بە گرینگیی ئەو خاڵانە، بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە خاڵەکان بۆ هەیئەتی حیزب ڕوون کردەوە.

لە بەشی کۆتایی باسەکانی هەیئەتدا ئیدریس ئابدە بە کورتی باسی لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کار و چالاکیی حیزب لە دیاسپۆرا کرد و بروشوورێک کە زانیاریی زیاتری لەم بارەوە تێدا بوو، پێشکەش بە لایەنی نۆروێژی کرد.