کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەری حیزبی دێموکرات و سەرۆکی دەفتەری سێناتۆر "ماری وات" لە ئوسترالیا

13:29 - 10 رەشەمه 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە، سەلاح پورئەسەد، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا، لەگەڵ "ڕوئان ھێلزبیرگەر"، سەرۆکی دەفتەری سێناتۆر "ماری وات" لە حیزبی کرێکاری ئوسترالیا کە ھاوکات وەزیری کاروباری فریاکەوتن و کشتوکاڵە، کۆ بووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حیزب دۆخی سیاسی، ئابووری و کومەڵایەتیی ئێران، ڕادەی بێزاریی خەڵک لەو ڕێژیمە و ڕاپەڕینی چەند مانگەی گەلانی وەزاڵەھاتووی ئێرانی خستە بەر باس. هەروەها ئاماژەی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی ھەموو نەتەوەکانی ئێران دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد.

سەلاح پورئەسەد لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ھەموو داھاتی ئێران سەرفی هەوڵە تێکدەرانەکانی سپای پاسداران دەکرێت. ھەر لەم پێوەندییەدا داوا کرا کە "ڕوئان ھێلزبیرگەر" ویستی ھەموو ئێرانی و کوردستانییەکان بە وەزیر بگەیەنێت کە پشتیوانی لە بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران بکات.

"هێلزبیرگەر" بەڵێنیی دا کە ئەو داوایە بگەیەنێتە وەزیر و بۆ خۆیشی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەکات. هەروەها لەسەر بەردەوامیی ئەو جۆرە کۆبوونەوانەش پێداگریی کرد.