کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و ڕفاندنی ٧٦ هاووڵاتیی کورد لە مانگی زایینیی ڕابردوودا

17:24 - 13 رەشەمه 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانیکەم ٧٦ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و مەدەنی لەلایەن ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٧٣ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان و ٣ هاووڵاتی بەهۆی چالاکیی مەزهەبی لەلایەن ئەو ناوەندانەوە دەسبەسەر یان ڕفێندراون.

مانگی ڕابردوو لانیکەم ژنێک، ٤ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ، هەروەها ٢ خوێندکاری زانکۆ و مامۆستایەرکی قوتابخانە لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

زیاترین ژمارەی دەسبەسەرکرانەکان کە ٧٣ حاڵەت بووە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بووە. هەروەها زۆربەی دەسبەسەرکراوەکان کە ٤٨ حاڵەت بووە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کراون.

جێگای باسە کە لەم ٧٦ حاڵەتە هاووڵاتییەک دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای شارەکەی خۆی، دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەو سزایەی کە بەسەریاندا سەپاندووە، ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

- جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

چالاکی سیاسی: ٧٣ حاڵەت کە دەکاتە ٩٦ لەسەدی کۆی حاڵەتەکان.

چالاکانی مەزهەبی: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ٤ لەسەدی کۆی حاڵەتەکان.

- جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای کرماشان: ٦ حاڵەت

پارێزگای ورمێ: ٢١ حاڵەت

پارێزگای سنە: ٢٥ حاڵەت

پارێزگای ئیلام: ٢٣ حاڵەت

شوێنەکانی دیکەی ئێران: ١ حاڵەت