کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ٨ی مارس و پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا لە نۆروێژ

10:39 - 14 رەشەمه 2722

ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن و بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا لە وێستگەی قەتاری شاری ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ لەژێر ناوی ''ژن ژیان ئازادی'' بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کە ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات و گرووپی ژنان کۆمیتەی نۆروێژی- ئێرانی، ڕێکیان خستبوو، لە کاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆ بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەستی پێ کرد و تا ٣ی دوانیوەڕۆ درێژەی هەبوو. هەروەها بەڕێوەبەرانی ئەو خۆپیشاندانە بە زمانەکانی کوردی، نۆروێژی و فارسی دروشمیان دەوتەوە.

 لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا هونەرمەند هێدی قادری، سروودێکی بە ناوی "ژن ژیان ئازادی" و بەهار فاتمی، سروودێکی بە ناوی ''دێم و دێم'' پێشکەش بەشداران کرد.

 لە درێژەی بەرنامە هونەرییەکانی ئەو خۆپیشاندانەدا، خاتوو مەدینە فەسیحی سروودێکی بە هاوکاریی دوو کیژ بە ناوەکانی "دیلان و گریلا" پێشکەش کرد.

بە خوێندنەوەی بڕیارنامەیەک کە بە زمانی نۆروێژی لەلایەن "شەنیا"وە پێشکەش کرا، خۆپیشاندانەکە کۆتایی پێ هات.