کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین وڵات سەبارەت بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابییان لە ئێران، خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

11:17 - 14 رەشەمه 2722

گەلانی ئێرانی دانیشتوو لە وڵاتانی دەرەوە لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی شەممەدا، دوێنێ ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمە، بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، داوایان کرد کە جیهان سەرنج بخاتە سەر سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کە ئەمجارە کچانی قوتابی لە ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشی کیمیایی.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتوو لە کانادا بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان داوایان کرد کە سەرنجی وڵاتان بخرێتە سەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە ئێران.

هەروەها لە ئەمریکا، ئێرانییانی دانیشتوو لە شاری سێن دیەگێگۆ بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان هاودڵی و پشتیوانیی خۆیان لە ژنانی ئێران نیشان دا و داوای کۆتاییهێنان بە سەرکوت و ئەشکەنجە لە ئێرانیان کرد.

هاوکات نەتەوەکانی ئێرانی دانیشتوو لە شارەکانی سیدنی لە ئوسترالیا، بێرن لە سویس، مونیخ و هامبورگ لە ئاڵمان و کۆپێنهاگ لە دانمارک و چەند وڵاتی دیکە، سەبارەت بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچانە لە ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا.