کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکردنی سێ چالاکی مەدەنیی یارسان بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سەحنە

17:25 - 10 رەشەمه 2722

سەید ئەمین عەباسی، سەید سرووش عەباسی و سەید کەریم عەباسی، سێ چالاکی مەدەنیی یارسان، بانگی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سەحنە کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، سێ چالاکی مەدەنیی یارسان بە ناوەکانی "سەید ئەمین، سەید سرووش و سەید کەریم عەباسی" بە تۆمەتی پێکهێنانی کۆبوونەوە و گرووپ دژی ئاسایشی نێوخۆیی ئێران، بانگی لقی یەکی بەشی لێکۆڵێنەوەی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سەحنە کراون.

ئەو سێ چالاکە مەدەنییەی یارسان، بەپێی نامەی بانگکرانی ڕێژیم دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا خۆیان بە لقی یەکی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سەحنە بناسێنن.

ڕۆژی شەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی ئەو سێ چالاکە مەدەنییەی یارسان پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کرابوون.

ئەو سێ چالاکە مەدەنییە پاش ٢٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان گواسترابوونەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری کرماشان.

جێگەی ئاماژەیە کە سەید ئەمین عەباسی، ئەندامی کۆڕی چالاکانی مەدەنیی یارسانە و سەید سرووش عەباسی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لە کاتی گەڕانەوە لە سەحنە بۆ کرماشان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها سەید کەریم عەباسی لە چالاکانی کۆمەڵی یارسان و خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ساوە، لە شاری ساوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و گواسترابووەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم لە کرماشان.