کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان لەلایەن ڕێژیمەوە

10:46 - 16 رەشەمه 2722

دوو هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی کاوە سەلیمی و مەهدی جەمشیدی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاو نیوز"، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، کاوە سەلیمی، چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان خەڵکی کرماشان، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هێرشی کراوەتە سەر و سەرەڕای دەسبەسەرکردنی خۆی، ماڵەکەشیان پشکنیوە و بەبێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە.

لەلایەکی دیکەوە، مەهدی جەمشیدی خەڵکی کرماشان کە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی هێرشی کیمیایی و دۆخی نالەباری قوتابییان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بەشداریی کردبوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.