کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامێکی تایبەت لەلایەن بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتەوە

11:02 - 16 رەشەمه 2722

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بە سەرنجدان بە پێویستیی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی زیاتری هەموو کوردستانیان، ڕایگەیاند تا ئەوکاتەی پشت و پەنامان کوردستانیانی خۆڕاگرە و یەکگرتوییمان سەنگەری یەکەم و دواڕۆژی خەباتەکەمانە، کوردستان تووشی سەرلێشێواوی نابێ.

دەقی پەیامەکە:

هاونیشتمانیانی هێژا!

کوردستانیانی خۆڕاگر!

 خۆرهەڵاتی کوردستان بە کات و ساتێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ. لە لایەکەوە لەگەڵ پاوانخوازی و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیدا ڕووبەروویە و لەلایەکیترەوە لەگەڵ مەترسیی دوبارە بنیاتنانەوەی پاوانخوازی و داگیرکاری دواڕۆژ لە ئێراندا لە ململانێ‌دایە. بۆیە ئەوەی دەتوانێ لەم دۆخەدا ئارامی و سەرکەوتنمان لە دواڕۆژدا مسۆگەر بکات، شتێک نییە بێجگە لە یەکگرتوویی، پێکگەیشتن و لەیەکگەیشتنی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی.

ئەوەی تاکوو ئەمڕۆ لە پاش شەهیدبوونی ژیناوە بۆتە هۆکارێک کە کۆمەڵگە و نیشتمانەکەمان باڵای بەرزە، یەکگرتوویی کوردستانیان و هێزە خەباتکارەکانی بووە. بەڵام ئەم یەکگرتووییە بێ کۆسپ نەبووە. کۆماری ئیسلامی لەلایەک و لایەنگرانی پاوانخوازی لە دەرەوە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ڕێز و هەیمەنەی ئەم یەکانگیرییەی کوردستان بخەنە ژێر پرسیار و لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە سەنگەری کوردستان لەرزۆک بکەن و بێهیوایی ببەخشنە کوردستانیان.

جیاوازیی بیروڕا لە کوردستان بابەتێکی ئاساییە و نیشانەیەکی جدییە لە کۆمەڵگەیەکی زیندوودا. بەڵام خاڵی جیاکەرەوەی جیاوازیی بیروڕا و پرسە نیشتمانییەکان ئەوەیە کە هەمووان دەبێ پێبەندی بنیاتە سەرەکییەکانی هێڵە نیشتمانییەکان بین. ئەو هێڵانەی کە خۆی لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی ناسنامەیی و چوارچێوەی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستانیان لە ئیلام و کرماشانەوە تاکوو سەرووی خۆرهەڵاتدا دەبینێتەوە.

ئێمە گومانمان نە لە بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان و نە لە قەوارەی جوغرافیایی-سیاسیی خۆرهەڵات و نە لە خاڵە بنچینییەکانی مافی کوردستانیان نییە؛ بۆیە پێویست ناکات خۆمان و کۆمەڵگاکەمان تووشی دڵەڕاوکێ بکەین. چونکە ئێمە هەردەم ئامادەیی ئەوەمان تێدا بووە بەرەو قۆناغێک هەنگاو بنێین کە تێیدا یەکیەتیی ئارەزوومەندانە بنیاتێک بێت بۆ دواڕۆژی ئێران کە تێیدا کوردستان خاوەنی مافەکانی خۆی بێ. پێناچێ هیچ کوردستانییەک دژی ئەم مافە بێ، بەڵام ئەوە شوێنکەوتووانی پاوانخوازین دەیانهەوێ وا پێشان بدەن کە دەتوانن درز بخنە نێو ڕیزی یەکگرتوانەی کوردستانیان.

لە دواییدا وەک بەرپرسیاریەتییەک دەمهەوێ ڕاوەستە لە سەر ئەوە بکەم تا ئەوکاتەی پشت و پەنامان کوردستانیانی خۆڕاگرە و یەکگرتوییمان سەنگەری یەکەم و دواڕۆژی خەباتەکەمانە، کوردستان تووشی سەرلێشێواوی نابێ. چونکە حیزبە سیاسییەکانی ئامرازی سیاسین بۆ ویست و مافە نیشتمانییەکان، نەک نیشتمان کەرەسەیەک بێ بۆ حیزبەکان. بۆیە پێویست دەکات هەموو هەوڵمان بۆ ئەوە بێ لە ئاست خواست و ویستی هاووڵاتیانی کوردستاندا بین. ئەزموونی باشوور، ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان وانەگەلێکی گرانباییان فێر کردووین کە ئەگەر یەکگرتوو بین، کوردستان دەبێتە خاوەن پێگەو سەروەری و ئەگەر پارچە پارچە بین داگیرکاری و لەدەستدانی نیشتمان چاوەڕێمان دەکات. 

بۆیە داوا دەکەم:

با هەموومان بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان قەڵەم، زمان و کردەوەمان لەڕاستای بەهێز کردنی ئەو یەکگرتوویی یە بخەینەگەڕ، یەکگرتوویی هەم لە نێوخۆی کوردستان و هەم یەکگرتوویی کوردستان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران. لە ئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیمان بەو یەکگرتووییە هەیە. داوایەکی دیکەم لە کوردستانیانی خۆشەویست لە نێوخۆ و دەرەوە ئەوەیە با خۆمان بۆ نەورۆزی ئەمساڵ ئامادە بکەین. بۆیە ڕووم لە کوردستانیانی جامانەپۆش، ڕۆڵە خاکی‌پۆشەکان، ئەویندارانی زەماوەندی ئاڵا، خەباتکارانی حەماسەی کرماشان و لە دواییدا کورسانەکەی باوان ئەوەیە، نەورۆزی ئەمساڵ بکەن بە نەورۆزی بەرخۆدان و بەرەنگاری بۆ پتەوکردنی سەنگەری یەکگرتوویی نیشتمان.

پەنا و دوا وێستگەی ئارامی ئێمە لە کوردستانەوەیە و هەر کوردستان دەبێ تاکوو بە هەمووان بڵێین: کەس نەڵێ کورد مردوە، کورد زیندووە.

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١