کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک لەسەر شۆڕشی ژینا و داهاتووی ئێران لە شاری ''لاهە''ی هۆلەند بەڕێوە چوو

16:44 - 21 خاکەلێوه 2723

سیمینارێک لە زانکۆی زانستە کردارییەکانی شاری "لاهە" لە وڵاتی هۆلەند لەسەر ''شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و داهاتووی سیاسیی ئێران'' بەڕێوە چوو کە نوێنەری حیزبی دێموکرات یەکێک لە پانێلیستەکانی ئەو سیمینارە بوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، لە زانکۆی زانستە کردارییەکانی شاری لاھەی ھۆلەند سیمینارێک لەژێر ناوی ''شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و داهاتووی سیاسیی ئێران'' لەلایەن کۆمیتەی خەبات بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی، بە بەشداریی نوێنەرانی ھێندێک لایەنی سیاسی، بەڕێوە چوو.

لەم سیمینارەدا دوکتور ئازاد محەمەدیانی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ھۆلەند یەکێک لە پانێلیستەکان بوو.

د. ئازاد محەممەدیانی لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی ژینا کرد و ئاماژەی بە تەکامولی دروشمی ژن ژیان ئازادی لە ڕەوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستای کرد.

ناوبراو لە درێژەی بابەتەکەیدا وتی: ئێرانی داھاتوو لە ڕوانگەی ئێمەوە ئێرانێکی دێموکراتیکە کە لەسەر سێ بنەمای سێکۆلاریزم، فێدرالیزم و چەند نەتەوەبوونی ئێران دادەمەزرێتەوە. دروشمی یەک ئێران، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە، نەتەنیا نامانگەیەنێتە دێموکراسی بەڵکوو کەوتنە نێو دەور و تەسەلسولی ئیستبداد، ئینکار، سڕینەوە و تەنانەت ئیستبدادی یاساییەوەیە.

د. ئازاد لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد کە شناسایی شوناسە جیاوازەکان دەبێ بەپێی شوناسێک بێت کە ھەر نەتەوە و پێکھاتەیەک بۆ خۆی باوەڕی پێیەتی، نەک پێناسەیەک بەپێی زەینی کسانی دیکە، بۆیە وەھا شناساییەکی نادروست و ھەڵە  بەهۆی ئیستبدادێکی مێژووییە.

هەروەها لەم سیمینارەدا سیمین دانشفەڕ، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێران، بێھزاد کەریمی، ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزبی چەپی ئێران، دامون گولریز، ئەندامی حیزبی مەشروتەی ئێران، مێلیکا زەر، چالاکی مافی جیاوازییە جێندێرییەکان و تانیا ئاکێفی شاعیر و چالاکی مەدەنیی ئەفغان بەشدار بوون.

ھەر کام لەو پانێلیستانە وتارێکیان پێشکەش کرد و دواتر بەشداربووان ھێندێک پرسیاریان ئاراستە کرد کە لەلایەن پانێلیستەکانەوە وڵامیان درایەوە.

لە بەشی پرسیارەکاندا کە لەلایەن بەشداربووانەوە ئاراستە کران، د. محمەمەدیانی لە وڵامێکدا سەبارەت بە ئەو مەنشوورانەی دەر کراون، ئاماژەی بەوە کرد، چونکە نووسەرانی ئەو مەنشوورانە پێکھاتوو لە جیاوازییەکانی ئێران نین، نەیانتوانیوە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆریی ئێران بن و ھەر بەو ھۆیەش لە کەڵکەڵە و ویست و داواکارییەکانی خەڵکی ئێران بە ھەموو جیاوازییەکانییەوە دوورن و کاریگەرییەکیان لە نێوخۆی ئێراندا نەبووە.

نوێنەری حیزب لە هۆلەند لە وڵامی پرسیارێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ناوھێنانی منی کورد وەک قەوم تەوھینە بە شعوور و شوناسی نەتەوەیی کورد و ئەگەر بە دوای ئازادییەوەین، ئازادی بێ دەستەبەربوونی مافی نەتەوەکان لە داھاتووی ئێراندا ھیچ مانایەکی نابێت.