کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ڕۆژنامەنووس و چالاکێکی مافەکانی ژنان لە سنە

10:30 - 22 خاکەلێوه 2723

ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەنووس، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی سنە، بۆ دووەمین جار لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافەکانی ژنان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پاش گەڕانەوەی لە شوێنی کارەکەی (کتێبفرۆشی) دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دسبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ژینا مودەڕس گورجی و شوێنی ڕاگیرانی، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ژینا مودەڕس گورجی، مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری سنە، تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامیەتی لە گرووپی نایاسایی" وەپاڵ درابوو.

پێشتریش ژینا مودەڕس گورجی ڕۆژی پێنجشەمە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری سنە دەسبەسەرکرا بوو.

 ناوبراو دوای تێپەڕاندنی ٤٠ ڕۆژ لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی ماوەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.