کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ۲۶ـەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی حوکمی دادگای میکۆنووس، پرێس‌کۆنفڕانسێک لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوە چوو

10:29 - 24 خاکەلێوه 2723

لەسەر داوای حیزبی سوسیال دێموكراتی ئاڵمان (SPD)، پرێس‌کۆنفڕانسێک لەلایەن پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان و حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان و ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی ئێرانی، لە دەفتەری ئەو حیزبە لە شاری کۆڵن بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئاپریلی ٢٠٢٣ی زایینی بەرابەر لەگەڵ ۲۲ی خاکەلێوە و هاوکات لەگەڵ ٢٦ـەمین ساڵوەگەڕی دەرچوونی حوکمی دادگای بێرلین، لەمەڕ بەتاوانبارناسینی بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیمی تاران و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی لە پیلانداڕشتن و جێبەجێکردنی تێرۆری سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزب، د. سادق شەرەفکەندی و شاندی یاوەری لە وڵاتی ئاڵمان، پرێس‌کۆنفڕانسێک لەلایەن حیزبی سوسیال دێموکراتی ئاڵمان و بە بەشداریی سوڵتان گوڵاوی، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و شاندێکی یاوەری و هەروەها کۆمەڵێک کەسایەتی، لایەن و میدیای ئاڵمانی و ئێرانی و کورد، لە دەفتەری حیزبی سوسیال دێموکراتەکان لە شاری کۆڵن بەڕێوە چوو.

پرێس‌کۆنفڕانسەکە پاش ناساندنی بەشداربووان لەلایەن خاتوو "کلاودیا واڵتار"، بەرپرسی دەفتەری حیزبی سوسیال دێموکراتەکان لە شاری کۆڵن، دەستی پێ کرد.

کلاودیا واڵتار بە شێوەیەکی کورت ئاماژەی بە هۆکاری گرتنی ئەو پرێس‌کۆنفڕانسە لە ٢٦ـەمین ساڵوەگەڕی دەرچوونی حوکمی دادگای میکۆنووس کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە تێرۆری میکۆنووسدا سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکرات کە لەلایەن سکرتێری حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی ئاڵمان بۆ کۆنگرەی ئینتەرناسیوناڵ سوسیالیست بانگهێشتی بێرلین کرابوو، لەگەڵ هاوڕێیانی لە ڕێستورانێک لە شاری بێرلین بە ناوی ڕیستوورانی میکۆنووس لەلایەن نێردراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کران.

لە درێژەی كاری پرێس‌كۆنفڕانسەكەدا، سوڵتان گوڵاوی، نوێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، ڕاپۆرتێكی لەمەڕ دۆخی ئێستای ئێران، ڕۆڵی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە شۆڕشی ژینادا، هێرشی کیمیایی سیستماتیكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قوتابخانەی كچان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، داهاتووی سیاسیی ئێران بەپێی فرەنەتەوەبوونی و پرسی فێدرالیزم لە ئێرانی پێشكەش بە بەشداربووان كرد.

لە بەشێكی تری ئەم پرێس‌كۆنفڕانسەدا،  کارولینا کیرش، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی سوسیال دێموکراتەکان چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان و میدیاکان کرد و وێڕای پشتگیری لە قسەكانی بەشداربووان، بەتایبەتی پرسی ژنان و شۆڕشی ژینا و دێموكراتیزەكردنی ئێران، بەڵێنیی دا کە دەنگی ئەم پرێس‌كۆنفڕانسە بگەیەنێتە پارلمانی ئاڵمان.

لەم پرێس‌كۆنفڕانسەدا، هێلێن وەزیری لەلایەن گرووپی "ژن ژیان ئازادی"، سەبارەت بە شۆڕشی ژینا و دۆخی ئێستایان و نەسرین ڕەمەزان عەلی، سەبارەت بە دۆخی كرێكاران لە ئێران و حوسەین ئەنوەر، سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆن و ئەو مەنشوورانەی لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینا دەر كراون، وتاریان پێشكەش كرد.