کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە وڵاتی فینلاند

10:29 - 13 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکە لێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند و نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، سیمینارێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان، بە بەشداریی د. ئاسۆ حەسەنزادە بەڕێوە چوو.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

لە سیمینارەکەدا دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە، کادری حیزبی دێموکرات و مامۆستای زانکۆ، باسێکی لەژێر ناوی "زەروورەتەکانی قۆناغی لەمەودوای شۆڕشی ڕۆژهەڵات لەبەر ڕووناکایی ڕاسپاردەی شەهیدانی گەل" پێشکەش کرد.

لە سەرەتای باسەکەدا، دوکتور ئاسۆ ئاوڕێکی کورتی لە شەهیدانی کۆماری کوردستان و کاریگەرییە پڕبایەخەکان کە ڕێبەرانی کۆماری کوردستان لەسەر بیروباوەڕی نەتەوەیی دایانناوە، دایەوە و دواتر بە شێوەێکی وردتر لەسەر شۆڕشی ژینا دوا کە لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرت و سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئێستا قۆناغی خەباتی سیاسیی کورد لە ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکان و چەمکە سیاسییەکانە. هەروەها ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک دەسکەوتێکی گەورە بۆ متمانەبەخشین بە هێزە سیاسییەکان، دەکرێت بەرفراوان و بەهێز بکرێت.

د. ئاسۆ حەسەنزادە لە درێژەی قسەکانیدا وتی، لە پانتایی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران زۆر لایەن و گرووپ تەنها بە مۆنۆپۆلکردنی کۆمەڵێک دامودەزگای میدیایی لە هەوڵی خۆسەپاندن بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندان. بەداخەوە زۆربەیان تا ئێستاشی لەگەڵ بێت باوەڕیان بە جیاوازیی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران نییە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا پێداگریی کردەوە کە دەبێ کورد بە ڕاشکاوی باس لە داخوازییەکانی بکات و نابێ چاوەڕوانی داهاتووی گۆڕانکارییەکان بێت کە ئایا مافەکانی ڕێزی لێ دەگیردرێت یان نا.

د. حەسەنزاده لە درێژەی باسەکەیدا کۆمەڵێک باسی دیکەی پێوەندیدار بە خەباتی سیاسیی نەتەوەی کورد، پێوەندیدار بە شۆڕشی ژینای هێنایە بەر باس. هەروەها باسی لەوە کە کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی ئەو پتانسییەل و تواناییەی هەیە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران هەبێت.