کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە کانادا بۆ مەحکوومکردنی جینایەتی ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە

10:22 - 27 خاکەلێوه 2723

لە شاری ڤەنکۆڤێری وڵاتی کانادا خۆپیشاندانێک بە بەشداریی چەند لایەن و بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ناوەندی شاری ڤەنکۆڤەری وڵاتی کانادا و بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و هەروەها بەشداریی چەند لایەنی ئێرانی و کانادایی، خۆپیشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی کردەوە و جینایەتە دژی مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و دەرمانداوکردنی قوتابخانەکانی کچان لە شار و ناوچەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێ کرد.

دواتر ئامادەبووان بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی نووسراوە، جینایەتەکانی ڕێژیمیان مەحکووم کرد. ئەوان بە باسکردن لە هێرشە کیمیاییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابییانی کچ لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی ڕایانگەیاند کە دەبێ ڕێژیم دەست لەم جینایەتانە هەڵبگرێت و پێویستە کە هەوڵی زیاتر بۆ پشتیوانیکردن لە کچان و قوتابییان لە ئێران بدرێت.

 لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا چەند پەیام و وتە هەر لە پێوەندی لەگەڵ ژەهراویکردنی قوتابخانەکاندا پێشکەش بە ئامادەبووان کرا کە جیا لە کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، چالاکانی بەلووچ و هەروەها چەند مامۆستا و قوتابیی خەڵکی کانادا بۆ پشتیوانی لە کچانی قوتابیی ئێران و کوردستان و بۆ شەرمەزارکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم پەیامی خۆیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

خۆپێشاندانەکە بە سروود و دروشمی شۆڕشگێڕیی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.