کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ جاری دووەم، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر کرا

18:31 - 27 خاکەلێوه 2723

نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ، بۆ جاری دووەم لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، بە تۆمەتی موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، حوکمی سێدارەی بۆ دەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا''، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە، ئەو حوکمە بە پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندراوە. 

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، دەسبەسەر کرا و دوای سێ مانگ ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندیی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ناوبراو چەند ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان بووە و لە ساڵی ١٣٩٧ لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ، بە شێوەی ''غیابی'' بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگەی ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە نەخۆشیی گورچیلە هەیە و سەرەڕای بڕیاری پزیشکەکان بۆ چارەسەرکردن لە دەرەوەی زیندان، هەتا ئێستا بەهۆی دژایەتیی بەرپرسانی زیندان لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی دەرمانی بێبەش کراوە.

جێگای ئاماژەیە نایب عەسکەری مانگی سەرماوەزی ١٤٠٠، وێڕای زیندانییانی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی ورمێ، لە ناڕەزایەتی بە بڕیاری بەرپرسانی زیندان لەهەمبەر ڕاگواستنی ئەو زیندانییانە بۆ بەندی سەرووی ئەمنییەتی، مانیان لە خواردن گرتبوو.

هەروەها مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە سیاسییە بە دوای شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان زیندانییانی سیاسی و زیندانییانی دیکە، بە سکاڵای بەرپرسی زیندانی ورمێ، وێڕای دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ''کەیهان موکەڕم و نایب حاجیزادە''، بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی زیندان بە ٥٠ زەربە لێدانی قامچی حوکم دران.