کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە دێولان

09:54 - 28 خاکەلێوه 2723

کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری دێولان، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاو نیوز"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کەماڵ لوتفی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێولان و باوکی یەکێک لە شەهیدانی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە شەقامێکی شاری دێولان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

چەند مانگ پێش کوڕێکی کەماڵ لوتفی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم شەهید کرا و لە ماوەی ڕابردووشدا بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە.

 ناوبراو لە وڵامی چەواشەکاریی ناوەندە حکوومەتییەکاندا کە وتبوویان کوڕەکەی لەلایەن "کەسانێکی دژە ئینقلاب و دژە کۆماری ئیسلامی کوژراوە"، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو چەواشەکارییانەی هێزەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە شاری دێولان کوژراوە.

ڕەزا لوتفی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری دێولان، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید کرا.