عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و سەعدوڵڵا ئایینی، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانیان و هەروەها پشتگوێخرانی دۆسیەکانیان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام مانیان لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروەند، فەرشاد و سەعدوڵڵا ئایینی، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ پشتگوێخستنی دۆسیەکانیان و درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانیان بۆ دوو مانگی دیکە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام مانیان لە خواردن گرت.
ئەو چوار هاووڵاتییە شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری دێهلوڕان دەسبەسەر کران و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام گواسترانەوە.
ئەو چوار هاووڵاتییە کاتژمێرێک دوای خۆپیشاندانی جەماوەریی خەڵکی دێهلوڕان لە شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
هەتا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەنەتە پاڵ عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و سەعدوڵڵا ئایینی، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و چارەنووسیان ناڕوونە.