کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

10:20 - 28 خاکەلێوه 2723

چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی ئەحمەد مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ئازادی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاو نیوز"، ڕۆژی شەممە ٢۶ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەحمەد مامزادە، تەمەن ٦٤ ساڵ و بەرپرسی پێشووی دەستەی بەڕێوەبەریی فوتباڵی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.

هەر لەو پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سۆران قاسمی، تەمەن ٢٧ ساڵ، بەیانیی ڕۆژی شەممە، لە پێش ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها پژمان سوڵتانی، تەمەن ٣٠ ساڵ، لە پەلاماری هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵ و شوێنی کارەکەی، دەسبەسەر کرا.

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو شارەش بە ناوی کاوە ئازادی، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کرا، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان، لەبەر دەستدا نییە.