کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ نوێنەری حیزبی سەوزەکانی ئۆتریش

11:38 - 29 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە، محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش، سەردانی خاتوو بێریوان ئەسلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری ڤییەن لە حیزبی سەوزەکانی ئۆتریشی کرد.

لەو چاوپێکەوتنەدا کە ماوەی کاتژمێرێکی خایاند، محەممەد فەقێ عەلی، بە تێروتەسەلی باسێکی لەسەر شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان وەک داینەمۆی ئەم شۆڕشە بەربڵاوە پێشکەش کرد.

نوێنەری حیزب لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێرشی کیمیایی سیستماتیک و بەرنامەداڕێژراوی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە چۆنیەتیی هاوکاریی نێوان هەر دوو حیزب باس و وتووێژ کرا و بەرنامەیەکی کاریی هاوبەش بۆ داهاتوو دیاری کرا.

خاتوو "بێریوان ئەسلانیـ"ـش خۆشحاڵیی خۆی لە سەردان و چاوپێکەوتنی نوێنەری حیزب دەربڕی و هیوای خواست کە لە داهاتوودا کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکان لەنێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی سەوزەکانی ئۆتریش لە پێناو بەرژەوەندیی هەر دوو حیزب و بە تایبەت بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، پەرەی پێ بدرێت.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا نوێنەری حیزب ئامادەیی حیزبی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان لەگەڵ حیزبی سەوزەکان و بەتایبەت خاتوو بێریوان وەک کوردێک لە ڕێزی سەوزەکاندا ڕاگەیاند.