کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش لە پارلمانی ئەو وڵاتە

18:00 - 30 خاکەلێوه 2723

بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، سەردانی دوکتور "ڕاینهۆڵد لۆپتاکا" ئەندام پارلمان لە پارلمانی ئەو وڵاتەی کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش بە سەرپەرستیی محەممەد فەقێ عەلی، بەرپرسی ئەو بەشە، بە مەبەستی دیدار نوێکردنەوە و باسکردن لەسەر ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان و شۆڕشی ژینا، سەردانی دوکتور "ڕاینهۆڵد لۆپتاکا"، ئەندام پارلمانی وڵاتی ئۆتریشی کرد.

محەممەد فەقێ عەلی سەرەتا باسێکی چڕوپڕی لەسەر شۆرشی ژینا لە کوردستان بە تایبەتی و لە ئێران بەگشتی و کاردانەوەکانی و هەروەها چاوەڕوانیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە دامودەزگا نێونەتەوەییەکان و سیاسەتوانانی ئورووپایی و یەک لەوان وڵاتی ئۆتریش پێشکەش کرد.

ناوبراو باسێکی سەبارەت بە خەباتی شێلگیرانەی کوردستانییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی ٧٧ ساڵەی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ پێداگری دەکاتەوە و ئەوەی زۆر بۆ گرینگە کە ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە لەسەر ئاستی جیهان دانی پێدا بهێندرێت و چیدیکە ئەو ئیجازەیە بە پاوانخوازان نەدرێت کە ئێران وەک یەک نەتەوە سەیری بکرێت.

پاشان دوکتور لۆپاتکا وێڕای سپاسی دووبارە لە سەردانی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، بەڵێنیی دا کە ئەو پێشنیارانەی کە ئاراستەی کرا، لەبەرچاو بگرێت و لەسەر دیدارەکانی داهاتووش جەختی کردەوە.