کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەک لە زانکۆی ئازادی سنە، مافی وانەوتنەوەی لێ ئەستێندرا

18:11 - 30 خاکەلێوه 2723

بەهار زەنگی‌بەند، چالاکی مافی ژنان و مامۆستای وەرزش لە زانکۆی ئازادی سنە، مافی وانەوتنەوە لەو زانکۆیەی لێ ئەستێندرا.

بەهار زەنگی‌بەند، مامۆستای زانکۆی ئازادی سنە کە پێشتر لە ڕەوتی خۆپیشاندانی سەرانسەریی "ژن، ژیان، ئازادیـ"ـدا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن حەراسەتی ئەو ناوەندەی خوێندنی باڵاوە، مافی وانەوتنەوە و کارکردن لەو زانکۆیەی لێ ئەستێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، ئەم مامۆستا و چالاکەی مافی ژنان لە سنە، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لە حەوشەی زانکۆی ئازادی سنە، بەبێ بەڵگەی دادگا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

دوای دەسبەسەرکردنی بەهار زەنگی‌بەند، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و لەب‌تاب و هەندێک کەلوپەلی تایبەتیدا گرتووە.

ئەم چالاکە کوردە دوای دەسبەسەرکرانی، ڕۆژانە بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەبرا و شەوانەش بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی ڕێژیم لە سنە ڕادەگوێزرا.

بەهار زەنگی‌بەند لەلایەن لێکۆڵەری دادستانی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و دەرکردنی بەیاننامە بۆ مەحکوومکردنی کردەوەکانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" و "پڕوپاگەندە دژی نیزامـ"ـیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەم چالاکەی مافی ژنان ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتە تا کۆتایی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی ڕێژیم ئازاد کرابوو.