کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی دانمارک

11:01 - 14 خاکەلێوه 2723

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری "هۆرسێنسـ"ـی وڵاتی دانمارک، بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستانەوە سیمینارێکی بۆ کەسایەتیی دیاری دێموکرات، کاک "باباعەلی مێهرپەروەر" پێک‌ هێنا.

ڕۆژی شەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارک، سیمینارێکی بۆ کاک "باباعەلی مێھرپەروەر"، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لەژێر ناونیشانی "ئاوڕێک لە ڕابردوو، کارەساتی شەھیدکرانی پێشەوا و سەرنجێک لەسەر شۆڕشی ژینا" پێک هێنا.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، "سەربەست ورمێ"، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی میت یوولەند، پەیامێکی بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەھیدانی کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هەروەها پەیامی ھاوبەشی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن "موژگان پەریزادە"، بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لەو وڵاتە پێشکەش کرا.

پاشان کاک "باباعەلی مێھرپەروەر" لە دوو گۆشەنیگای تایبەتەوە باسێکی لەسەر ڕۆژی شەھیدانی کوردستان و پاشان گرێدانەوەی ١٠ی خاکەلێوە بە شۆڕشەکەی ژینا و چەمکی ژن ژیان ئازادی، پێشکەش کرد.

 ناوبراو وتی: ھۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر کۆماری کوردستان و جوانەمەرگبوونی ئەم کۆمارە، لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد، مێژووی ئێمە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە سەردەمی قاجاڕ و پەھلەوی و ئیسلامیدا لە یەک شتدا ھاوبەش بوون، ئەویش سەرکوتی گەلی کوردە.

کاک باباعەلی مێهرپەروەر بە ئاوڕدانەوەیەک لە شۆڕشی ئێستای ڕۆژهەڵات و ئێران بە گشتی، وتی: لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا شۆڕشێک ھاتووەتە ئاراوە کە بە شەھیدکردنی کچێکی بێتاوان و مەزڵوومی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی، شۆڕشی ژینا ھەموو ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی گرتەوە و تەنانەت دروشمی ژن ژیان ئازادی بوو بە داینەمۆی ئەم جووڵەیە و بەردەوامی شۆڕش لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا، هەموو وڵاتانی جیهانی گرتەوە.