کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماسەی نوێ‌جێژنەمان

10:21 - 2 بانەمەڕ 2723

عەلی بداغی

کوردستان لە حەماسەخوڵقێنییەکانی بەردەوامە.

ڕۆژی هەینی کە جێژنی ڕەمەزان بوو، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ئامادەبوونیان لەسەر مەزاری شەهیدانی شۆڕشی ژینا تابلۆیەکی دیکەیان لە یەکیەتی و یەکڕیزی، هاودڵی و هاومەبەستی و؛ خۆڕاگری و بەردەوامی لە خەباتی مافخوازانەیاندا نەخشاند.

ڕۆژی پێش جێژن لە حەرەکەتێکی سیمبولیکدا بەشێک لە دایکان و بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان لە دەوری یەک کۆ بوونەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ شکاندنی تازیەباریی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان، جارێکی دیکەش ڕقی پیرۆزی خۆیان پێشانی ڕێژیمی سەرکوتگەر و بکوژانی جگەرکۆشەکانیان بدەن. لە سبەینێی ئەو ڕۆژە و ڕۆژی جێژنی ڕەمەزاندا کە بەپێی نەریتی کوردەواری "نوێ‌جێژنەی" بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بوو، ئەوە خەڵکی بەئەمەگ و ڕێبوارانی ئامانجی شۆڕشی ژینا بوون، کە باوەڕبەخۆ و دڵنیا لە سەرکەوتن، هەوری لەبەر و جامانە لەمل، ئاڵای کوردستان بە دەستەوە و یەکدەنگ بە دروشمی نەتەوایەتی لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژینا چوونە سەر مەزارەکانیان و سروودی شەکانەوەی ئاڵا و شکۆی هەستانەوەیان بەگوێی نمروودەکانی زەمان دادا.

ئێرە گۆڕستانی ئایچیی سەقزە. مەزاری ژینا ئەمینی، فەرەیدونی فەرەجی، دانیال پابەندی و چەند ڕۆڵەیەکی دی لە شەهیدانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانی لەئامیز گرتووە. ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی پار، لێرەوە چەخماغەی شۆڕش لێ درا و ئەمڕۆش لە "نوێ‌جێژنە"ی شەهیداندا، جارێکی دیکەش تووڕەیی و ڕقی پیرۆزی ڕێبوارانی شۆڕشی ژینا و خەباتکارانی ڕێی ئازادیی خاک و نیشتمان شەپۆل دەدا. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە مەودای نیزیکی مەزارەکان مۆڵ دراون، ئەوان سەرشۆڕ و شەرمەزار لە ناسینەوەیان دەم‌وچاویان داپۆشیوە و ڕوو لە خەڵک وەردەگێڕن، بەڵام ئەوە خەڵکن کە بە ئازایەتیی بێ‌وێنەوە بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕن و سروودی "ئەی شەهیدان" دەڵێن و جارێکی دیکەش پڕ بە گەروویان هاوار دەکەن: ڕێگای شەهیدانمان درێژەی هەیە.

ئێرە بۆکان، جوانڕۆ، مەهاباد، سنە، مەریوان، پیرانشار، ورمێ و بانەیە، ئێرە کوردستانە. لێرەش مەزاری شەهیدان هەموو بە هێزە دژی‌گەلییەکان تەنراون، بەڵام ئەوە ئیرادەی کچان و کوڕانی بوێری نیشتمان و ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدانە کە بەسەر زەبروزەنگ و سەرکوتی ڕێژیمدا سەرکەوتووە. ئەوە دروشمی "قاسملوو، قاسملوو، رێگات درێژەی هەیە"ی حەماسەخوڵقێنەکانی "نوێ‌جێژن"ەکەمانە ئاسمانی شوێنەکەی داگرتووە. لێرە تەنیا دەنگێک دەبیسترێ کە زراوی هێزەکانی دوژمنی بردووە:

"لەسەر گۆڕی شەهیدەوە وڵامت بۆ دەنێرمەوە
دەچمەوە نێو شەقامی شار، لە گوللـە ناپرینگێمەوە".

لێرە لە گۆڕستانی ئایچییەوە، لە ڕیزی کێلی شەهیدانەوە لەمێژە کاروانێک وەڕێ کەوتووە و، دایک و باوک و هاوژینی شەهید قافڵەسالاران.

گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێت و، کوڕ و کچی شەهیدە بە نەعرەتەی شێرانەیان دوژمنیان وڕ و کاس کردووە.

لاوانی بەجەرگ و میراتگرانی خوێن و خەباتی شەهیدان سینگیان قەڵغانی گوللەیە و هاتوون بڵێن بەچۆک دانایەن و هەدادان ناناسن. بەمجۆرە بە حەماسەی نوێ‌جێژنەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی کورد بۆ ڕزگاری، لاپەڕەیەکی پڕشانازیی دیکەی لە دڵی خۆیدا تۆمار کرد.

بەڵێ! حەماسەی نوێ‌جێژنەکەمان پەیامێکی زۆر ڕوونی لە خۆی گرتبوو. لەو حەماسەیەدا بە دوژمن گوترایەوە ئەو کەسانەی سێرەتان لە مێشک و دڵیان گرتبوو، کوڕ و کچ و ڕۆڵەی ئەو خەڵکەن و، ئەو خەڵکەش یەکدەنگ و یەکڕیز بۆ یەک مەبەست و ئامانج تێ‌دەکۆشن. ئەو خوێنەی ئێوە ڕشتتان لە جەستەی نیشتمانێک ڕۆیشتووە کە یەک ڕوحی هەیە و، ئەو ڕوحەش سرەوتن ناناسێت هەتا سەربەستی.

لەو حەماسەیەدا گوترایەوە ئیرادەی ئێمە گەلێ لە هێزی مووشەک و فیشەکی ئێوە بەهێزترە. پێتان وانەبێ بە سەرکوت و زەبروزەنگی ئێوە لەسەر شەقام، گڕی تۆڵەی ئێمە دامرکاوە و هەنگاوەکانمان شل بوون. نەخێر، کوردستان قەڵای دێموکراتە و لەگیراننەهاتوو، ڕۆڵەکانی ئەو خەباتەش نەک هەر لە خوێنی شەهیدانی کۆن و نوێیان خۆش نابن، بەڵکوو لەسەر خەبات هەتا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە لە پێشوو شێلگیرترن.

نوێ‌جێژنەکەمان پێشانی دایەوە: ئێرە کوردستانە و هەمدیسان پێشەنگایەتیی خەبات بەدژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دەکا. ئێرە کوردستانە و دڵی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی لێرەوە لێ دەدات. ئێرە کوردستانە و خوێنی خەبات و خۆڕاگری لە دەمارەکانی ئەم نەتەوەیەدا دەگەڕێ و بۆ ئەو نەتەوەیە ئاسۆ ڕوونە.