کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوید

11:09 - 14 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوید بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان، ڕێوەڕەسمێکیان پێک هێنا.

سەرەتا عەلی باڵەکی، بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی لینشۆپینگ چەند وتەیەکی وەک بەخێرهاتن و گەورەیی یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە پێشکەش کرد و دواتر بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە دەستی پێ کرد.

پاشان شلێر حەسەن‌پوور، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری لینشۆپینگ، پەیامی ناوەندی کاروباری کۆمەڵایەتیی حیزبی پێشکەش کرد.

لە درێژەی ئەم ڕێورەسمەدا حەمەڕەسووڵ کەریمی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، باسێکی سەبارەت بە ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پێشکەش کرد.

ناوبراو وێڕای ئەوەی ئاوڕێکی مێژوویی لە ڕەوتی ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٢٠ تا ١٣٢٤ی هەتاوی و دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دایەوە، باسی لە دەسکەوتەکانی دامەزرانی کۆماری کوردستان و لێزانی و کاریزمایی شەهید پێشەوا قازی محەممەد وەک دامەزرێنەری حیزب و کۆماری کوردستان، کرد.

حەمەڕەسووڵ کەریمی لە ئاست ڕووداوەکانی ساڵەکانی ١٣٢٤ تا شەهیدکرانی پێشەوای مەزن و یارانی لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، وتی: ئەم ڕووداوانە ماوە و مەودایان زۆر نەبوو، بەڵام کاریگەرییەکانی تاکوو ئێستا زۆرترین و گرینگترین کاریگەری بوون لەسەر بیر و هزری نەتەوایەتیی گەلی کورد، چونکە بیر و هزری دامەزرانی کۆماری کوردستان لە گرینگترین ڕووداوەکانی مێژوون.

ناوبراو هەروەها تیشکی خستە سەر شۆڕش و ڕاپەرینی ژینا و بە باسکردن لە بوێری و چاونەترسیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەردەوامیی خەبات لە ئاستی بەرزی نەتەوەییدا، وتی کە پاڵپشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و کوردستانییانی دەرەوەی وڵات، جێگەی سپاس و پێزانینە و دروشمی ژن ژیان ئازادی نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڵکوو لە هەموو جیهاندا بووەتە بەرزترین و بەناوبانگترین دروشم.