کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو چالاکی مافی ژنان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگیراون و لەژێر گوشاردان

11:35 - 3 بانەمەڕ 2723

ڕۆژنامەنووس ژینا مودەڕس گورجی و مامۆستا فەریبا زەندکەریمی، کە هەردووکیان لە چالاکانی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان لە شاری سنەن، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە بەندی تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگیراون و لەژێر گوشاردان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو''، ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری مافی ژنان و هەروەها مامۆستا فەریبا زەندکەریمی کە لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنانە، دوای ڕفاندن و دەسبەسەرکردنیان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزراون و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە بەندی تاکەکەسیی ئەم ناوەندەی ڕێژیم لەژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەردان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو چالاکەی خەڵکی سنە، لە دوای دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هیچ چەشنە پێوەندی و چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە ڕێگای کتێبفرۆشییەکەی بۆ ماڵەوە ڕفێندرا.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١دا، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە، تۆمەتی "هەوڵدان لە دژی ئەمنییەت لە ڕێگەی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی و ئەندامیەتیی تێدا" بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها فەریبا زەندکەریمی، تەمەن ٣٥ ساڵ و مامۆستای وانەبێژی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و چالاکی مافەکانی ژنان لە شاری سنە، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرا.