سمایل شەرەفی
ڕۆژی جێژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ بۆ بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی کوردستان بە گشتی، دەرفەتێکی تایبەت بوو کە جارێکی دیکە بە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری خۆیان لە لایەک وەفادارییان بە ڕێبازی شەهیدان و گیانفیداییان نیشان بدەن و لە لایەکی دیکەوە پەیامی بەردەوامیی و زیندووبوونی ئەم ڕاپەڕینە بە گوێی هەموو لایەکدا بدەن.
لەم دەرفەتەدا خەڵک وێڕای بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی شەهیدان و کۆبوونەوەیان لەسەر گڵکۆی شەهیدان، بە کردەوە سەلماندیان کە ئەوانەی لەپێناو خاک و خەڵکی خۆیاندا گیانفیدایی دەکەن، بۆ هەمیشە لە دڵ و یادەوەرییەکاندا دەمێننەوە و دەبنە سەرمەشقی ژیان و خەباتی ئەوانەی دوای خۆیان و نەسڵەکانی دیکە. لەم سەردانانەدا نەسڵی نوێی کۆمەڵی کوردەواری بە بەشداریی بەرچاو و چالاکانە و خۆڕازاندنەوەیان بە جامانە و هەوری و وتنەوەی سروودەکانی "ئەی شەهیدان" و "نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتدا دەژین"، سەلماندیان کە خوێنی بەناحەقڕژاوی ئەوانەی کە تەنیا تاوانیان ئازادییخوازیی و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی بەختەوەر و ئینسانی بوو، نەتەنیا بە فێڕۆ ناچێ، بەڵکوو دەبێتە هەوێنی لێبڕاوی و دەروەستبوونی نەسڵەکانی دیکە بە خاک و خەڵکی ئەم نیشتمانە.
لەم ڕێوڕەسمانەدا بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان وێڕای شانازیکردن بە ڕۆڵە شەهیدەکانیان کە لەپێناو بەها و ئەرزشە بەرزە ئینسانی و نیشتمانییەکاندا گیانیان بەخت کردووە، بە بەشداریی جەماوەری خەڵک لە ڕێوڕەسمەکانی سەر گڵکۆی شەهیدەکان گەزگەز باڵایان کرد و ڕاستەوخۆ بۆیان دەرکەوت کە شەهیدەکانیان تەنیا هی ئەوان نین، بەڵکوو "قارەمان" و "شەهیدی کوردستانن".
لە فۆڕم و شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی سەر گڵکۆی شەهیداندا بۆمان دەردەکەوێ کە کۆمەڵگەی کوردستان چەندە خاوەن بیرۆکە و داهێنانی جوانی ئەمڕۆییە. کۆمەڵگەیەک کە بەشێوەیەکی خۆڕێکخراو هەوڵ دەدات لە هەموو دەرفەتێکدا بە خۆنیشاندان، خۆبەخاوەنزانینی پرسەکان، خۆدوورخستنەوە لە بێ تەفاوەتی و کەمتەرخەمی و ناڕازایەتیدەربڕین دژ بە زوڵم و بێدادیی دوژمن و خۆفرۆشیی هێندێک مۆرەی نەفس نزمی خۆماڵی، کەڵک وەربگرێت. بنەماڵەی شەهیدان و بەشداربووانی دیکەی سەر گڵکۆی شەهیدان بە خۆڕازاندنەوەی خۆیان و منداڵەکانیان بە جل و بەرگی جوانی کوردی و کەڵکوەرگرتن لە هەوری و جامانە کە لەم ساڵانەی دوایی دا لە ڕێوڕەسمەکاندا مانا و مەفهوومێکی تایبەتی ورگرتووە، هەوڵیاندا پەیامی ژیانەوە و قبووڵنەکردنی مەرگ و نەهامەتی بە گوێی دوژمناندا بدەن. ئەوان بە بەرزکردنەوەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سەلماندیانەوە کە دڵی شۆڕشی ژینا هەر لە کوردستانەوە لێ دەدا و بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، شۆڕشی ژینا هەروا زیندوو و بەردەوامە.
دووپاتبوونەوەی درووشمی ئاشنا و لەبەردڵانی "قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" کە لە زۆرربەی ئەم رێوڕەسمانەدا چەندین پاتە دەبوونەوە، پەیامێکی دیکەی ڕوون و ئاشکرا بوو بۆ بەرزیی و گەورەیی پێگەی هەمیشەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ڕەگ و ڕیشەی بە تان و پۆی کۆمەڵگەی کوردستاندا ڕۆچووە و بۆتە بەشێک لە کلتووری سیاسی و فەرهەنگیی ئەم میللەتە. ئەم پەیامەی خەڵکی کوردستان کە لە هەموو بۆنە و دەرفەتێکدا دووپاتە دەبێتەوە ئەگەر لە لایەک بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان جێی فەخر و شانازییە، لە لایەکی دیکەوە قورسایی بەرپرسایەتییەکی مێژووییە کە تێکۆشەرانی ئەم حیزبە بەردەوام هەوڵیانداوە بە گرتنەبەری هەڵوێست و سیاسەتی درووست و بەرپرسانە خۆیان بەرانبەری بە بەرپرسیار و دەروەست بزانن.
هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وتنەوەی سروودەکانی "ئەی ڕەقیب " و "خوایە وەتەن ئاواکەی" لە سەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا کە هەر هەموویان بەشێکن لە هێما وپێناسەکانی شوناسی نەتەوەیی، دەرخەری ئاستێکی بەرز و گەشەسەندووی هوشیاریی نەتەوەییە. ئەمە ئەگەر لە لایەک نیشانەی خاوەندارێتیی کۆمەڵی کوردەوارییە لە پرسێکی گەورەی نەتەوەیی کە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی سیاسیی نەتەوەییدا بوون و بەردەوامیی هەیە، لە لایەکی دیکەوە پەیامێکی ڕوون و پڕ لە قسەیە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە بە ئەقڵییەتێکی تەواویەتخوازانەوە هەموو هەوڵێکی ئەوەیە کە حاشا لە فرەنەتەوەیی وڵاتی ئێران و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکە بکات. ئەمە وڵامێکی پەتییە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە بە خەیاڵی خۆیان دەیانهەوێ - ئاخوندئاساکان کە سواری شەپۆلەکانی شۆڕشی ٥٧ بوون – نێوەرۆک و ماهییەتی شۆڕشی ژینا نادیدە بگرن و ئەقڵییەتی تەواویەتخوازیی خۆیان بەرەوپێش بەرن کە بێگومان وەک دەرکەوت، جیا لە مایەپووچبوون دەسکەوتێکی دیکەیان عایید نابێ.
کۆمەڵگەی کوردستان کە لە شۆڕشی ژینادا ڕۆڵی پێشەنگایەتی گێڕا و پەیام و درووشمە مودێڕنەکەی "ژن، ژیان، ئازادی"ی تێدا لە دایک بوو، بە حوکمی زیندووبوون و ڕێکخراوبوونی و هەروەها بە هۆی بزووتنەوەیەکی لەمێژینەی نەتەوەیی و حیزبێک کە خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی وەک کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، لە درێژەی خەبات بۆ ئازادی و دەستەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکانیدا تەسلیمی هیچ نیزام و ئەقڵیەتێکی سەرکوتکەر، کۆنەپەرەست و تەواویەتخواز نابێت و خاوەندارێتی لە مان و مەوجوودیەتی خۆی دەکات.