کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشیوانیکردن لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو

11:14 - 14 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کوردستانییان و ئێرانییەکانی دانیشتووی ڕۆژاوای ئوسترالیا لە شاری پێرت، خۆپێشاندانێکی بەشکۆ و بەرینیان دژی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران سەرەتا بە چەند سروودی شۆڕشگێڕانە و بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێران و وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕانە و دروشمی دژی ڕێژیمی ئێران و وتنەوەی دروشمی پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی نەتەوەکانی نێو ئێران، سەرنجی خەڵکی نێو شەقامەکانی ئەو شارەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا.

کوردستانییانی دانیشتووی شاری پێرتیش، بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بە گوڕوتینێکی کوردانە و شۆڕشگێڕانەوە بەشدار بوون.

لەنێو ئامادەبوواندا کوردەکان چالاکانە دروشمیان دەوتەوە و بەرنامەکە لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوە دەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا لەلایەن خاتوو ڕووناک ڕاد، ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای ئوسترالیا، وتارێک بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرا.

لەم وتارەدا ئاماژە بە ویست و داخوازییەکانی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵدا کرا. هەروەها باس لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و کوشتن و بریندارکردن و ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی کورد لە کوردستاندا، کرا.

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا، مەهدی قاتعی، نوێنەری عەرەبەکانی ئەلئەحواز و جاوید، نوێنەری پارتی دێموکراتیکی ئازەربایجان، وتاری خۆیان پێشکەش کرد.