کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێک لە سنووری بانە بە ماشینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کرایە ژێرەوە و گیانی لەدەست دا

17:06 - 3 بانەمەڕ 2723

محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سنووری هەنگەژاڵ بە ماشین کرایە ژێرەوە و دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی سەقز، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو''، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢، محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە، کە پێشتر لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە ماشین کرابووە ژێرەوە، لە نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەم کۆڵبەرە ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوە، دوای ڕێگریکردنی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵ، لەگەڵ چەند کۆڵبەرێکی دیکە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شارەکەیان لەلایەن ئەو هێزانەوە بە ماشین کراونەتەوە ژێرەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ماشینی ئەم هێزانە بەپاڵ گرووپێک کۆڵبەر کە بە پێ خەریکی ڕۆیشتن بوون، تێپەڕیوە، سەربازێک لە ماشینەکەوە بەدەست پشتەملی محەممەد لەتیف ئەحمەدپووری گرتووە و و دوای چەند مەترێک ڕاکێشانی، ناوبراو هاوسەنگیی خۆی لەدەست داوە و کەوتووەتە ژێر تەگەرەکانی پشتەوەی ئەو ماشینە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدپوور لەم بارەوە بە ''هەنگاو''ی ڕاگەیاند کە لە ئاکامی ئەم کارە بەئەنقەستەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، مل و شانی محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور لە چەند شوێنێکەوە شکاوە، کە دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی شیفا لە سەقز و چەند ڕۆژێک مانەوەی لەو نەخۆشخانەیەدا، گیانی لەدەست دا.

هەنگاو ڕایگەیاند کە کەماڵ خدری، فەرمانداری ڕێژیم لە بانە پێوەندیی بە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرەوە گرتووە و هەڕەشەی لێیان کردووە کە دەبێ تەرمی ناوبراو لە شەودا و بێ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی بەخاک بسپێرن.

محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، تەمەن ٣٦ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.