کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ

11:24 - 14 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ١٢ی خاکەلێوە، لە بەردەم پارلمانی نۆرویژ لە شاری ئۆسڵۆ، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە، ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا سمایل عەلیپوور، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ پەیامی کۆمیتەی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد و لە پەیامی کۆمیتەدا ئاماژەی بەوە کرد کە: "ئێمە لە کاتێکدا یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە دەکەینەوە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بە سەدان لاوی ڕۆژهەڵات لەپێناو نیشتماندا گیانیان بەخت کردووە."

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لەلایەن ئارام ئازەری، ئەندامی یەکیەتیی لاوان بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا خوسرەو قادری و توبا ئەلیاسی، بە زمانی کوردی و هەروەها عەلی فکری، چالاکی سیاسیی فارس لە وڵاتی نۆروێژ بە زمانی فارسی بابەتێکی لەسەر کەسایەتی و ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە مێژووی کوردستاندا پێشکەش کرد.

لە قسەکانی ناوبراواندا ئاماژە بە ڕۆڵی سیاسی و شوێندانەریی پێشەوا لە مێژووی کورد و کوردستاندا کرا کە بە ئەندامبوون لە کۆمەڵەی ژێکاف دەستی پێ کرد و دواتر دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستانی لێ کەوتەوە.

سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و زیندانی و محاکەمەی پێشەوا و هاوڕێیانی لە بێدادگای ڕێژیمی پاشایەتی، باس لەوە کرا کە بە وتەی ئەفسەرانی ڕێژیمی حەمەڕەزا پەهلەوی، ئەوە قازی محەممەد و سەدر و سەیفی قازی بوون کە ئازایانە بەرگرییان لە خەڵکی کورد و کۆماری کوردستان کرد و لە ڕاستیدا ئەوان ڕێژیمی شایان محاکەمە کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا هونەرمەندان هوشیار ئیبراهیمی و هێدی قادری چەند سروودی شۆڕشگێڕانەیان پێشکەش کرد.

جێگای ئاماژەیە کە لە دەوروبەری شوێنی ڕێوڕەسمەکە کۆمەڵێک وێنەی شەهیدانی کۆماری کوردستان و زانیاری لەسەر ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە کە بە زمانی نۆروێژی ئامادە کرابوون، دانران.