کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگواستنی د. سەلاح ئەحمەدی بۆ گرتنگەیەکی ئەمنیی ڕێژیم لە ورمێ

10:04 - 5 بانەمەڕ 2723

هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی د. سەلاح ئەحمەدی، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، د. سەلاح ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگوێزرا. ناوبراو تا ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەری بووە.

کوردپا ڕایگەیاند کە ئەو هاووڵاتییە نەخۆشیی دڵی هەیە و تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان سەبارەت بە نەخۆشی و خزمەتگوزاریی دەرمانی بۆ ناوبراو، وڵامێکیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣١ی خکەلێوە، د. سەلاح ئەحمەدی بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە دەرمانخانەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.