کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران خۆپیشاندانێکی بەرینی لە ئاڵمان بەڕێوە برد

11:29 - 14 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەبۆنەی تێپەڕینی ٤٤ ساڵ بەسەر شانۆی ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شاری کۆڵن خۆپیشاندانێکی گەورە بەڕێوە چوو کە لەلایەن زۆرێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان پشتیوانیی لێ کرا.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی هاوبەشی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شۆرای دێموکراسیخوازان و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانیی ئێران، لەلایەن   بەهار حوسەینی خوێندرایەوە.

لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو: "لە مێژووی ئێراندا خەڵکی ئێمە ئەزموونێکی ئەوتۆیان بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی سیاسی نەبووە، بە تایبەتیش تا ئەو ڕادەیە کە بە یەک سیستمی سیاسی لە چەشنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە تەنیا بە بەڵێ یان نەخێر دەنگ بدەن. لە ١٢ی خاکەلێوەدا ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژی لە ئێران دروست بوو کە لەو کاتەوە تا ئێستا هەزاران هەزار کەس کوژراون و بێسەروشوێن بوون.''

لە بەشیکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتبوو: ''لەو سەردەمەدا بە تەنیا خەڵکی قارەمانی کوردستان و هێندێک لە هێزە سیاسییە ئازادیخوازەکان بەشدارییان لەو گاڵەتجاڕییەی ڕێژیمیان نەکرد. بەڵام ئێستا خەڵکی ئێران هوشیار بوونەتەوە و لە دژی ڕێژیم ڕاوەستاون و  بۆ ئازادی، جیایی دین لە سیاسەت، سەقامگیرکردنی دێموکراسی، بونیاتنانی حکوومەتێکی کۆماری، هەروەها بۆ ئێرانێکی فیدراڵ و کۆتاییهێنان بە زوڵم و زۆری سەر نەتەوەکان و یەکسانی و ڕیزگرتن لە هەمووان خەبات دەکەین."

لە کۆتابەشی ئەو پەیامەدا لەسەر ئەوە پێداگری کرابووەوە کە:" ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین لە هەلومەرجی ئێستادا، بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، هەوڵدان بۆ هاوپەیمانییەکی گشتگیر و سەراسەری پێکهاتوو لە سەرجەم هێز و لایەن و حیزبەکانی کۆماریخواز پێویستە و بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەین."

شایانی ئاماژەپێدانە کە خالید حەسەنپوور چالاکی سیاسی، کارۆڵین کیرچ لە حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان" SPD"، سارا کرێویزێر لە حیزبی چەپەکانی ئاڵمان، هێلێن نۆسرەت چالاکی ژنان و ئەندامی ژنانی فێمینیست، بێهنام ئیبراهیمزادە چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، فەزیلە ڕەئیسی چالاکی سیاسیی بەلووچ، ئۆمای ڕادمێهر چالاکی سیاسیی تورک و ڕۆزا سابت‌نیا چالاکی سیاسیی عەرەب، پەیامیان خوێندەوە و چەندین وتاری تر لەلایەن کەسایەتی و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێرانەوە پێشکەش کران.