کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ١٧هه‌مین کۆنگرەی ڕێكخراوی گه‌لانی بێ‌نوێنه‌ر لە هەرێمی کاتالۆنیا

11:01 - 7 بانەمەڕ 2723

 لە هەرێمی کاتالۆنیای وڵاتی ئیسپانیا، ١٧هەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی گەلانی بێ‌نوێنەر بە بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە هەرێمی کاتالۆنیا له‌ وڵاتی ئیسپانیا، ١٧هه‌مین کۆنگرەی ڕێكخراوی گه‌لانی بێ‌نوێنه‌ر(UNPO)، بە بەشداریی دوكتور عه‌لی عه‌بدیلزاده‌، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕێکخراوەیە، ئەو کۆنگرەیە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەکە سەرۆکی ڕێکخراو باسێکی کورتی سەبارەت بە دوایین ئاڵوگۆڕەکانی پەیوەندیدار بە ڕێكخراوی گه‌لانی بێ‌نوێنه‌ر و ڕاپۆرتی كار و چالاكیی ڕێكخراوه‌كه‌یان پێشكه‌ش به‌ بەشداربووانی کۆنگرەکە کرد.

لە بەشی دووەمی کۆنگرەکەدا، دوكتور عه‌لی عه‌بدیلزاده‌ بەوردی پێشنیار و تێبینییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەبردن و گەشەکردنی ڕێکخراوکە هێنایە بەر باس کە لەلایەن بەشداربووانی کۆنگرەکەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا.

 ڕۆژی دووەمی کاری کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ باسێک سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن چەند پسپۆڕ و شارەزایەک لەم بوارەدا و ئەم بەشە دوای باسێکی سەرنجڕاکێش لەسەر مافی چارەی خۆنووسین کۆتایی پێ هات.

 بەشی کۆتایی کۆنگرەکە بۆ باس و پەسەندکردنی بڕیارنامەکانی کۆنگرەکە دیاری کرابوو. لەسەر پێشنیار و ڕەشنووسێکی ئامادەکراوی هەیئەتی حیزبی دێموکرات، کۆنگرەی ڕێكخراوی گه‌لانی بێ‌نوێنه‌ر بڕیارنامەیەکی تایبەت بە ڕەوشی نەتەوەکانی ئێران، بەتایبەتی لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەتێگڕای دەنگی کۆنگرە پەسەند کرد.

 لە کاتی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی ئامادەکراو، دوكتور عه‌لی عه‌بدیلزاده‌ باسێکی لەسەر بزووتنەوەی ژینا و دوایین ڕووداواکانی کوردستانی پێشکەش بە شداربووانی کۆنگرەکە کرد.

نوێنەری حیزب، بە ئاماژەدان بەوەیکە سپای تێرۆریستی پاسداران لە هەوڵدایە بۆ لادانی سەرنج لەسەر خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران، وتی: سپای پاسداران بە مووشەک و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان چەندین جار هێرشی کردە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان لە عێراق و بەو هۆیەوە چەندین پێشمەرگە و کەسانی تر شەهید و بریندار بوون.

هەروەها نوێنەری حیزب باسی لەوە کرد کە هەزاران خوێندکاری کوردستانی و ئێرانی ژەهراوی کراون و بە گازی ژەهراوی لە قوتابخانەکاندا هێرشیان کراوەتە سەر.

لەو بڕیارنامەیەدا کە کۆنگرەی ڕێكخراوی گه‌لانی بێ‌نوێنه‌ر پەسەندی کردووە هاتووە کە:

- پشتیوانیی بەردەوامی خۆمان لە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین، دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوایەتی، دەردەبڕین.

- کوشتن و توندوتیژیی دڕندانەی ڕێژیمی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران لە کوردستان و ناوچەکانی دیکە بە توندی مەحکووم دەکەین.

- زیندانیکردن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و چالاکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندی شەرمەزار دەکەین.