کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی "ژن ژیان ئازادی" لە پارلمانی ئورووپا

11:20 - 7 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕ، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی ''ژن ژیان ئازادی'' لە پارلمانی ئورووپا، بە بەشداریی چالاکوانانی سیاسیی هەر یەک لە نەتەوەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بابەتی سەرەکیی کۆنفڕانسەکە "داهاتووی ژنان و گەلانی ژێردەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بوو کە لەوێدا لەسەر چەند بابەتی گرینگ سەبارەت بە دۆخی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران، جەخت کرایەوە.

دوکتور کوێستان گادانی، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات کە وەک چالاکوانی سیاسی و وتاربێژی ئەم کۆنفڕانسە بانگهێشت کرابوو، بە هاوڕێیەتیی ئەندامانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بێلژیک کە بریتی بوون لە بەها ئیبراهیمی، ئاسۆ عەزیزی، کاروان شێخ محەممەدی، بێهرووز خۆشامان و سامان عەلەوی، بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون.

هەروەها تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژێنێڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە وتارێک لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران، یەکێک لە کۆڕگێڕان بوو.

خاتوو کوێستان گادانی لە سەرەتای وتارکەیدا چەند باسی گرینگی سەبارەت بە مێژووی خەباتی ژنانی کورد بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، پێشکەش کرد. هاوکات بە فوکوسێکی زیاتر لەسەر شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی ژنانی کورد لەم هەلومەرجەدا، ڕوونکردنەوەیەکی دروستی سەبارەت بە دروشمی ژن ژیان ئازادی و سەرهەڵدانی ئەو دروشمە لە کوردستان خستە ڕوو.

ناوبراو لە بڕگەیەکی دیکەدا ئاماژەی بە ڕەوشی ژنانی کورد لە نێوخۆی ئێران، لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، لە پەنابەری و ئاوارەیی لە وڵاتانی دراوسێی ئێران و ئورووپا کرد کە تەنانەت ئەمنییەتی گیانییان لە دەرەوەی ئێرانیش پارێزراو نییە و لە توێی چەند خاڵێکدا داواکاریی خۆی لە ڕێگای جێگری سەرۆکی پارلمان، ئاراستەی پارلمانی ئورووپا کرد.

کوێستان گادانی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە دامودەزگا نێودەوڵەتی و بە تایبەت پارلمانی ئورووپا کرد کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیک، سێکۆلار و فیدراڵ کە مافی هەموو نەتەوەکانی ئێران لەنێو جوغرافیای ئێران دەستەبەر بکات، پشتیوانی بکەن.

ئەو چالاکوانانەی کە لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار بوون، بریتی بوون لە: "پگاە موشیرپوور چالاکی فارس، فەریبا بەلووچ نوێنەری بەلووچ، سیمین فه‌هندج نوێنەری بەهاییەکان، شیما سیلاڤی نوێنەری عەرەبی ئەحواز، فاختە لونا زەمانی نوێنەری تورک و خاتوو پینا بجرنۆ، جێگری سەرۆکی پارلمانی ئوروپا."