کەریم پەرویزی
ده‌سه‌ڵاتی سه‌فه‌وی له‌سه‌ر بنه‌مای سێ كوچكه‌ی شای سه‌فه‌وی، ئاخونده‌كان و هێزی نیزامیی قزڵباش بونیات نرابوو و ئه‌م سێ كۆڵه‌كه گه‌ر پێكه‌وه هاوئاهه‌نگ بوونایه، ئه‌وه دهسهڵاتداریهكهیان توند‌وتیژتر ده‌بوو و گه‌ر پێكه‌وه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ناكۆک بوونایه، ئیدی حكوومه‌تی سه‌فه‌وی لاواز ده‌بوو.
قزڵباش كه سه‌ره‌تا له سۆفییه‌كانی پێڕه‌وی شێخی سه‌فه‌وی پێکهاتبوو، دواتر و له سه‌رده‌می شێخ حه‌یده‌ری باوكی شا ئیسمائیلی سه‌فه‌ویدا ڕێكوپێكتر كران و هێزێكی نیمچه نیزامی‌یان لێ دروست كرا، له سه‌رده‌می پاشایه‌تیی شا ئیسمائیلی سه‌فه‌ویدا به‌ته‌واوی كران به هێزێكی نیزامیی ڕێكخراو و پله‌به‌ندی و بارهێنان و دیسپلینیان بۆ به‌ڕێوه برا. هێزی قزڵباش له سه‌رده‌می سه‌فه‌ویدا و به‌تایبەت ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ شا و ده‌رباردا نێوانیان خۆش بوایه، وه‌كوو هێزێكی ئیدئۆلۆژیک بوون كه نه‌ک شه‌ڕی نیزامی‌یان بۆ شا و خاكی ژێرده‌ستی ده‌كرد، به‌ڵكوو شایان وه‌كوو مورشدی كامڵ یان نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌بینی! هێزی قزڵباش به‌شێكیان وه‌ها په‌روه‌رده كرابوون كه گه‌ر شا ئیسمائیل پێی بگوتنایه دوژمنه‌كانیان له‌به‌ر چاوی ده‌خوارد یان خۆیان له‌سه‌ر به‌رزایی فڕێ ده‌دایه خوار تاكوو وه‌فادارییان به شا بسه‌لمێنن.
ئه‌م هێزی قزڵباش و ئاخونده‌كانی سه‌فه‌وی به‌و هه‌موو دڕنده‌ییه‌وه كه نواندیان و ده‌یان هزار كه‌س له نه‌ته‌وه و گرووپه جیاجیاكانی نێو فه‌لاتی ئێرانیان كوشتار كرد تاكوو ده‌سه‌ڵاتی شای سه‌فه‌وی بپارێزن و به‌ناوی دژایه‌تیی دوژمنان و به‌رگری له هه‌رێمی پاشا ڕووی مێژوویان ڕه‌ش كرد. ته‌نانه‌ت له ڕێگه‌ی برایانی شێرلی كه بازرگان و نێرده‌ی نیزامی بوون له‌گه‌ڵ بریتانیا ئاشنابوون و دژی عوسمانییه‌كان هاوكارییان له بریتانیا وه‌رگرت. به‌ڵام له كۆتاییدا نه هێزی بریتانیا و نه قزڵباش دادی نه‌دان و به‌رامبه‌ر شۆڕشی گه‌لی ئه‌فغان ته‌سلیم بوون و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان داڕووخا و ڕۆیشته زبڵدانی مێژووه‌وه.
له‌م ڕۆژانه‌دا كه شۆڕشی ژینا بناخه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیهیی وه‌له‌رزه خستووە و ته‌نانه‌ت له‌نێو ده‌رباری خامنه‌ییش ترسیان له ڕووخان لێ نیشتووه، باسێكی گه‌رم له نێو ڕای گشتی و چالاكانی سیاسی‌دا له‌ئارادایه كه داوا له وڵاتانی ئورووپایی و بریتانیا و كانادا ده‌كرێ كه سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بخرێته لیستی تێرۆریستییه‌وه.
سوپای پاسدارانیش هه‌ر وه‌كوو قزڵباشهكانی سه‌فه‌وی سه‌ره‌تا له كۆمیته‌كانی ئینقلاب كه پێڕوانی بێمێشک و چه‌قبه‌ستووی خومه‌ینی بوون پێک هات و یه‌كه‌م مه‌ئمووریه‌تیان سه‌ركوتی خه‌ڵكی ئازادیخواز له ئێران و هه‌روه‌ها هروژمیان بۆ كوردستان بۆ شه‌ڕ دژی كورد بوو. هه‌ر وه‌كوو قزڵباشه‌كان به فه‌رمانی جه‌هادی حاكمی وڵات به‌ربوونه گیانی خه‌ڵكی بێ‌تاوان و كوشتار و ماڵوێرانی و تێرۆر و ڕفاندن و تاڵانكردن و خوێنمژی، ناسنامه‌ی ڕوونی سوپای پاسدارانه و درێژی ڕه‌وتی قزڵباشین له‌نێو ئه‌م جوغرافیا به‌ڵالێدراوه‌دا.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسووڕمانه، كه‌سانێک و گرووپی وه‌ها له‌نێو به‌ناو چالاكانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات په‌یدا ده‌بن كه پێیان باش نییه سوپای پاسداران بخرێنه لیستی تێرۆریستیی ئورووپا و بریتانیاوه! ئه‌م دژبه‌رییه له‌نێو هه‌ندێ به‌ناو چالاكوانی نێوخۆی ئێرانیش ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌وانه دیاره كه چونكه سه‌ر به ڕه‌وته به‌ناو چاكسازیخوازهكانی ڕێژیم بوون، خستنه لیستی تێرۆریستییه‌وه به زه‌ره‌ری ڕێژیم ده‌زانن و سروشتیه كه دژی بن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه گوایه له‌به‌ر سته‌می ڕێژیم و سوپای پاسداران په‌ڕیوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون، كرده‌وه‌كه‌یان جێی گومانه كه دژی به تێرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بن.
له سه‌ره‌تاكاندا هه‌ندێ له‌وانه باسیان له‌وه ده‌كرد كه گه‌ر سوپای پاسداران بخرێته لیستی تێرۆره‌وه چونكه هه‌موو جومگه‌كانی ئابووری له ئێران كه‌وتۆته ده‌ست سوپا، ئه‌مه ده‌بێته هۆی زه‌ره‌مه‌ندیی خه‌ڵک! چونكه خه‌ڵكیش له‌و به‌شه ئابوورییانه‌دا كار ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند خاوه‌نی سه‌رمایه و پرۆژه‌كه سوپای پاسداران بێ به‌ڵام خه‌ڵک تێیدا كار ده‌كه‌ن و گه‌مارۆی سه‌ر سوپا ده‌بێته هۆی خه‌ساری زۆر بۆ خه‌ڵک!
ساڵانی پێشتریش كه ڕێژیم ده‌خرایه ژێر گه‌مارۆوه هه‌مان بیانوو و پاساو ده‌هێنرایه‌وه و داوا ده‌كرا كه با خه‌ڵک زه‌ره‌مه‌ند نه‌بێ! به‌ڵام دوو گرووپ له‌و نێوه‌دا هه‌بوون كه ڕاستیان نه‌ده‌كرد! یه‌كه‌م كه‌سانێک هه‌بوون كه له پرۆژه ئابوورییه‌كانی نێو ئێران هاوبه‌شی ڕێژیم بوون و گه‌مارۆكان زه‌ره‌ری لێ ده‌دان! گرووپی دیكه‌ش هه‌بوون كه به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و مادی و نهێنیه‌كانیان له‌گه‌ڵ باڵێكی ڕێژیم بوو و بۆیه دژی گه‌مارۆی سه‌ر ڕێژیم بوون! له ئێسته‌یشدا له‌و جۆره به‌رژه‌وه‌ندییانه هه‌یه كه خه‌ساریان پێ ده‌گا گه‌ر سوپای پاسداران بخرێنه لیستی تێرۆریستیی ئورووپاوه.
كه‌سانی دیكه‌ش هه‌بوون كه باسیان له‌وه ده‌كرد كه به تێرۆرسیت ناساندی سوپا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه هه‌ر هه‌موو كه‌سه‌كان كه ڕۆژێک ڕه‌نگه له سوپادا سه‌ربازییان كردبێ وه‌كوو تێرۆریست ده‌ناسرێن! له كاتێكدا ئه‌و كه‌سانه ته‌نیا سه‌ربازییه‌كی بهناچارییان كردووه و تێرۆریست و باوه‌ڕمه‌ند به سوپای پاسداران نه‌بوون!
ئه‌م پاساوه ڕه‌نگه هه‌ندێ كه‌سی پێ فریو بدرایه كه پێیان وابێ ڕاست ده‌كه‌ن و خه‌می ئه‌و تاكانهیانه كه سه‌ربازییان له سوپای پاسداران بووه! به‌ڵام به توندتربوونی ره‌وتی شۆڕش و به‌تایبه‌ت به گوشاری زیاتری خه‌ڵك بۆ به‌تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران ئه‌م جۆره كه‌سانه ده‌ستیان كردوه به ده‌رخستنی ده‌رونی ناراستی خۆیان!
له وتوێژێكدا شه‌هریار ئاهی باسی دژبه‌ریی خۆی بۆ به‌تێرۆریست ناساندی سوپای پاسداران كرد له تلویزیۆنی ئیران ئینته‌رناشناڵ و له‌وێدا باس له‌وه ده‌كا كه هه‌ندێ سه‌رانی سوپا تاوانبارن به‌ڵام بۆ وێنه چه‌كوچۆڵ و مووشه‌ک و هێزه‌كانی سوپا كه ده‌ستیان له تاواندا نییه بۆ سه‌قامگرتوویی پێویستن! یان كه‌سانێكی دیكه‌ی سه‌ر به ڕه‌وتی پاشاییخوازی به ڕوونی باسیان له‌وه كردووه كه سوپای پاسداران بۆ قۆناخی تێپه‌ڕین له ڕێژیم و بۆ ده‌ورانی نوێی حكوومه‌تی داهاتوو پێویستن تاكوو ته‌وایه‌تی ئه‌رزیی ئێران بپارێزێ و دژی تهجزیهتهڵهبهكان شه‌ڕ بكا و سه‌ركوتیان بكا!
به‌م لێدوانانه‌ی ئه‌م جۆره كه‌سانه‌دا ناخی ڕاسته‌قینه و بیركردنه‌وه‌كانیان ده‌رده‌خه‌ن كه له ڕاستیدا ئه‌مانه شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز نین، به‌ڵكوو هه‌موویان حه‌سره‌تی ده‌سه‌ڵاتداریی ده‌ورانی سه‌فه‌وییان له ده‌رووندایه و سوپای پاسداران و ئاخوند و شایان وه‌كوو سێ كۆڵه‌كه‌كه پێویسته تاكوو درێژه به سه‌ركوت و تاڵان بده‌ن و ته‌نیا كێشه‌یان ئه‌وه‌یه كه له ده‌ورانی كۆماری ئیسلامی‌دا كۆڵهكهیهک واته ئاخوند، به‌شی كۆڵه‌كه‌كه‌ی دیكه واته شای خواردووه و باره‌كه لاسه‌نگ بووه، بۆیه به هاتنه‌وه‌ی كۆڵه‌كه‌ی سێهه‌م ئیدی دووباره هاوسه‌نگی به‌رقه‌رار ده‌بێته‌وه و سێ به سێ بۆ هه‌تاهه‌تایه به خێر و خۆشی خوێنی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران ده‌مژن!
جه‌نابی ئاهی باس له‌وه ده‌كا كه ته‌نیا چه‌ند كه‌سێک له سوپادا تاوانبارن و مووشه‌ک و هێزكانی سوپا ده‌بێ بپارێزرێن! وادیاره ئاغای ئاهی فه‌رمانی جه‌هادی خومه‌ینی بۆ هێرش بۆسه‌ر كوردستان به تاوان نازانێ كه تێیدا چه‌ند سه‌د هه‌زار دڕنده‌ی سوپای پاسداران زیاتر له چل ساڵه له كوردستان خه‌ریكی تاوانن؟!
یان ئاغای ئاهی مووشه‌كه‌كانی سوپای پاسدارانی پێ شتێكی باشه چونكه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی دێموكرات و قوتابخانه و منداڵی كوردیان وێران كردووه و شه‌هیدیان كردوون و خوێنیان حه‌ڵاڵه و بۆیه پێویسته ئه‌و سوپایه و هێزه‌كه‌ی بپارێزرێ!
ئه‌وه‌ی ڕوون و دیاره كه ڕه‌وته فاشیستیه‌كان له ئێران‌دا ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شدا كه له ده‌سه‌ڵات نین و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، ئه‌وه‌نده‌ی له فكری زه‌ربه لێدان له كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ن، له فكری ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریی خۆیان و وێرانكاریی ئێران نین كه سوپای پاسداران و ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌یاندا هێناون!
بۆ ئه‌وان گرنگه كه نه‌ته‌وه‌كان سه‌ركوت بكرێن و له داهاتووشدا هه‌ر هێزێكی نیزامیی به‌ته‌واوی ئاماده‌كراو هه‌بێ كه هێرش بكاته‌وه سه‌ر كوردستان و به‌لووچستان، ئیدی خۆیانیش به ده‌ستی ئه‌و هێزه سه‌ركوت كراون یان وڵاتی وێران كردووه گرنگ نییه و ئه‌ساس ئه‌وه‌یه كه كورد به هیچ نه‌گات!
سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد، هێزی یه‌كیه‌تیی سۆڤییه‌ت نیوه‌ی جیهانی داگیر كردبوو، له باری نیزامییه‌وه به‌رامبه‌ر ئا‌مریكا و ڕۆژاوا ڕاوه‌ستابوو و له هه‌ندێ بواردا له‌وان به‌هێزتر بوو. ئه‌رته‌شی سووری سۆڤییه‌ت به سه‌دان هه‌زار كه‌سی ئاماده‌كراوی هه‌بوو كه ده‌ستیان له سه‌ركوتی نه‌ته‌وه‌كانی ژێردهسەڵاتی كۆمۆنیزمدا سوور بوو و خوێنی لێ ده‌چۆڕی! هێزه ئه‌منییه‌تی و سیخوڕییه‌كانی تا نێو ژووری خه‌وتنی خه‌ڵكیش نفووزیان كردبوو! به‌ڵام به ڕاپه‌رینی خه‌ڵک هه‌ر هه‌مووی داڕووخا و ته‌نانه‌ت خاكه‌كه‌ی ژێردههستی كۆمۆنیزم و مۆسكۆش هه‌ڵوه‌شایه‌وه و چه‌ندین وڵاتی لێ دروست بوو!
ئه‌وه‌ی وڵاتێک به یه‌كگرتوویی ده‌هێڵێته‌وه و ده‌یپارێزێ، هێزی نیزامی نییه. هه‌ر وه‌ک بۆ قزڵباشه‌كان و ئه‌رته‌شی سووری كۆمۆنیستیش نه‌پارێزرا! بۆ سوپای پاسدارانیش ناپارێزرێ. ته‌نیا هۆكاری پاراستنی خه‌ڵک به ده‌وری یه‌كه‌وه و له‌نێو یه‌ک وڵات‌دا، بریتییه له دابینكردنی ویست و مافه‌كانیان به یه‌كسانی و به‌رابه‌ری تاكوو به ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان به ده‌وری یه‌كه‌وه بمێننه‌وه و ئه‌وكات پێكه‌وه سنووره‌كانی وڵاتی هاوبه‌شی دووباره پێناسه‌كراویان ده‌پارێزن!