کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی ھەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی پارتی سۆسیالیستی گەل لە وڵاتی دانمارک

17:58 - 14 خاکەلێوه 2723

پارتی سۆسیالیستی گەل لە وڵاتی دانمارک، کۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٢ و ١٣ی خاکەلێوە بەڕێوە برد و ھەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی ھەژار دەشتی، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و جەلال قادری، ئەندامی کۆمیتەی پێوەندییەکان لە وڵاتی دانمارک، بە فەرمی بۆ ئەو کۆنگرەیە بانگهێشت کرابوون.

کۆنگرە بە ڕاپۆرتی سیاسی لەلایەن خاتوو "پییا ئولسن دوویە"، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی گەل دەستی بە کارەکانی کرد و دوابەدوای ئەوە چەندین بابەتی جیاوازی وەک سیاسەتی کۆمەڵایەتی، سۆشیالپۆلیتیک، ژینگە، یەکیەتیی ئورووپا و کێشەکانی ناوچە و یەکێک لەوان شۆڕشی ژینا، لەژێر دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' خرانە بەر باس.

لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنگرەدا، نوێنەرانی حیزب لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی ئەو پارتە، ئەندامانی پارلمان و میوانانی بیانی چاوپێکەوتنیان پێک ھێنا و سیاسەتی حیزب و پرسی کورد بە گشتی و لە ڕۆژھەڵات بەتایبەتی، باسی لێ کرا.

هەروەها بەرپرسی کاروباری دەرەوەی پارتی ''ئێس ئێف''، لە دیدارێکدا بە نوێنەرایەتیی پێوەندییەکانی حیزبی ڕاگەیاند کە ئەوان هەوڵ دەدەن یارمەتیی زیاتری پرسی کورد بکەن و لەمەودوا بە ھاوئاهەنگی و دیالۆگی زیاتر لەنێوان نوێنەرانی کورد و ئەو پارتە ھەم لە پارلەمانی دانمارک و ھەمیش لە ڕێگای نوێنەرانیان لە پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا، ھەوڵ دەدرێت کە تیشکی زیاتر بخرێتە سەر دۆزی ڕەوای کورد.