کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی دوو منداڵ بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنە

10:07 - 8 بانەمەڕ 2723

ئەرشیا نووری و پێشڕەو سەمەدی، خەڵکی گوندی "سەراوقامیشـ"ـی سەر بە شاری سنە، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەرشیا نووری تەمەن ٩ ساڵ و پێشڕەو سەمەدی تەمەن ١١ ساڵ، لە گوندی سەراوقامیشی سەر بە شاری سنە، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

دوکتور موحسێن سۆهرابی، پزیشکی خەڵکی بۆکان لەم پێوەندییەدا لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: چەند منداڵ لە دەوروبەری پایگای سەراوقامیش سەرقاڵی یاریکردن بوون کە ئەرشیا و پێشڕەو بەهۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری پایگاکە بریندار بوون و بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گوازراونەتەوە.

ئەرشیا نووری دەست و دەموچاوی بە توندی بریندار بووە و لە بارودۆخێکی نالەباردایە. بەڵام پێشڕەو سەمەدی، بارودۆخی گشتیی جێگیرە و لەژێر چاودەێریی پزیشکیدایە.

مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها مینە چێنراوەکانی دەوروبەری شوێنە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران وەک پایەگاکان لە کوردستان، ساڵانە دەیان قوربانیی لێ دەکەوێتەوە.