کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بە مەبەستی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە بریتانیا بەڕێوە چوو

11:03 - 10 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ۹ی بانەمەڕ، خەڵکانێک لە گەلانی ئازادیخوازی ئێران و دانیشتووی وڵاتی بریتانیا، بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران خۆپیشاندانێکی بەرینیان لە ناوەندی شاری لەندەن بەرەو نووسینگەی سەرۆکوەزیران وەڕێ خست.

لەو خۆپیشاندانەدا سەرەتا وەحید بەهەشتی هاوڵاتیی ئێرانی- بریتانیایی کە ماوەی ٦٦ ڕۆژە بۆ پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لە بەرانبەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مانی گرتووە، چەند وتەی پێشكەش کرد.

 پاشان چەند ڤیدیۆیەکی چەند ئەندام پارلمانی بریتانیا کە داوایان لە "ڕیشی سوناک" کردبوو کە سپای پاسداران وەک تێرۆریست بناسێت نیشان درا، لەوانە ''لۆرد پۆلەک، لیام فۆکس و ستیۆم مەک کاب.''

دواتر مینا سوارە پەیامی هاوبەشی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، شۆرای دێموکراسیخوازان، کۆنگرەی میلییەتەکانی ئێرانی فیدراڵ و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێرانـ"ـی پێشکەش کرد کە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە سەرچاوەی تێرۆری نێودەوڵەتیی سپای پاسداران و هەروەها تێرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد لە وڵاتانی ئورووپایی کرد.

پاشان ڕەحیم بەندوئی وەک نۆێنەری بەلووچەکان هەر لەو پێوندییەدا چەند وتەیەکی پێشكەش کرد.

هەروەها ئەمیر ڕەزا ئاخووندی، ئەندامی پارلمانی سوید یەکێکی تر لە وتاربێژانی ئەو خۆپیشاندانە بەرینە بوو. ناوبراو وتی: ''لەگەڵ ئەوەی نامەیەکم لەم پێوەندییەدا بۆ ڕیشی سوناک ناردووە، لێرەشەوە پەیامی من بۆ حوسێن سەلامی فەرماندی سپا و خامنەیی ئەوەیە کە کۆتایی ویلایەتەکەتانە و دەبێ بڕۆن.''

لە کۆتایی بەرنامەکەدا حامید ئیسماعیلیون یەکێک لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە سەرەڕای ئەوەی کە سپای پاسدارانی وەک هۆکاری سەرەکیی خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆكەیە ناو لێ برد، ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەی بە هۆکاری ئاژاوەگێڕی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زانی و لە کۆتاییدا پێداگریی کردەوە کە شۆڕشی ''ژن ژیان ئازادی''  کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی دێنێت.