کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە ڕوژاوای كانادا بۆ مەحكوومكردنی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو

11:28 - 10 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ٩ی بانەمەڕ، بە هاوكاریی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و باقیی نەتەوەكانی دیكەی ئێران لە "ئارت گالری" لە شاری ڤانكۆڤێری كانادا بۆ جارێکی دیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار كرا و داوا كرا كە سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی تێرۆرەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا سەرەتا پەیامێک لەلایەن كاری مایكلس بە نۆێنەرایەتیی ڕێكخراوەی كرێكاران لە پارێزگای بریتیش كلومبیا پێشكەش كرا و پشتیوانیی خۆی بۆ بزووتنەوەی ''ژن ژیان ئازادی'' لە ئێران دەربری.

گرووپی موزیكی كانادایی كە لەلایەن كەنێسەی شاری ئەبسفورد هاتبوون، بۆ پێشتیوانی لە خەڵكی وەزاڵەهاتوو لە ئێران چەند سروودێكیان پێشكەش كرد.

دواتر پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن فایزە نەوزاد بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا باس لە ڕاپەڕین لە کوردستان و هەروەها باسێکیش لە جینایەتەكانی ڕێژیم و سپای پاسداران لە كوردستان کرا و داوا كرا كە ئەم ڕێكخراوەیە لەلایەن كانادا و هەموو وڵاتانی ئورووپاییەوە بخرێتە نێو لیستی تێرۆرەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا جێنیفر هێرسلی، نوێنەری ڕێكخراوەی گشتیی كرێكارانی دەوڵەتی لە مێترۆی ڤانكۆڤێر پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی كرێكارانی كرد، هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ شۆڕشی ژینا لە ئێران دەربڕی و هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابییانی کچ لە ئێراین لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کرد.

پاشان پەیامی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆكەی ئۆكراینی كە بە مووشەكی سپای پاسداران كەوتە خوارەوە، لەلایەن فەریبا شاپەسندی خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا داوا لە کانادا کرا کە سپای پاسداران بە تێرۆیست بناسێنێت.

بەرنامەكە بە سروودی كوردی و هەروەها دروشمدان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران كۆتایی پێ هات.