کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا ڕۆژی جیهانیی کرێکاری بەرز نرخاند و باسی لەوە کرد کە چینی کرێکار لە ئێران لە هیوای گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و ژیانێکی سەردەمییانە، دانەبڕاوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
ڕۆژی جیهانیی کرێکار بەرز دەنرخێنین و بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و ئێران دەکەین.
ئەمساڵیش لە هەلومەرجێکدا یادی ئەم بۆنەیە دەکرێتەوە کە دۆخی ژیان و بژێویی کرێکاران لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، تا دێ خراپتر دەبێت.
سەرباری دۆخی نالەبار و کارەساتباری هەمیشەیی کرێکاران، ئەم چینەی کۆمەڵگە لە هیوای گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و ژیانێکی سەردەمییانە، دانەبڕاوە. ئەوەش خۆی لە مانگرتن و ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو و ئەم دواییەش لە شۆڕشی ژینادا، نواندەوە.
بە هیوای ڕووخانی ڕێژیمی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و جێگیربوونی حکوومەتێکی دێموکراتیک، کە بەو هۆیەوە ئازادی، مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ دەستەبەر بێت.