کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کێبڕکێیەکی فوتباڵ لەژێر ناوی "جامی ژینا" لە وڵاتی سویس

11:37 - 15 خاکەلێوه 2723

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان، کێبڕکێیەکی فوتباڵی لەو وڵاتە بە ناوی "جامی ژینا" بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، کێبڕکێی وەرزشیی خۆی دەست پێ کرد.

کێبڕکێیەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان هێژا مەنگوڕ، سەرپەرستی کێبڕکێیەکە و "ڕێبوار مووسەوی"، ڕێکار و یاساکانی تایبەت بە کێبڕکێیەکەیان بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

ئەم کێبڕکێیە بۆ دوو ڕەدەی تەمەنی گەنجان و منداڵان پێک هاتبوو کە بۆ دەستەی گەنجان ٦ تیم و بۆ دەستەی منداڵانیش ٤ تیم دیاری کرابوون.

بەشی سەرەتایی یارییەکە پێشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژە بەڕێوە چوو کە ٤ تیمی بەشدار چوونە خولی کۆتایی و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، یارییەکە درێژەی کێشا و دوو تیمی "ژینا" و "لاوان" گەیشتنە فیناڵی یارییەکان.

لە بەشی کۆتاییدا خەڵاتی دیاریکراو لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی کێبڕکێیەکەوە پێشکەش بە تیمی براوەی جامی ژینا کرا.