کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو

11:04 - 16 خاکەلێوه 2723

‎ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئیسکلیستونای وڵاتی سوید بە بەشداریی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کورد و کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

‎ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

‎عەزەم کەسیلی، بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە، بە خوێندنەوەی شێعرێک ڕێورەسمەکەی دەست پێ کرد، پاشان هێرش بەهرەمەند، بە بابەتێک بەخێرهاتنی بەشداربووان، میوانان و لایەنە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کرد و دواتر حەبیب بەهرامی، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی ئیسکلیستونا، پەیامی كۆمیتەی پێشکەش کرد.

‎پاشان دوکتور حوسێن خەلیقی، بە باسێکی تیروتەسەل لەسەر ڕووداو و پێشهاتە مێژووییەکانی خەباتی نەتەوەیی کورد و دواتریش باسی شەهیدکرانی تێکوشەرانی کورد بە دەستی دوژمن و ڕژانی دەریایەک خوێن لە جەستەی لاوان و شۆڕشگێڕانی کورد و کوردستان بۆ بەشداربووان دوا و دواتریش تیشکی خستە سەر ئەو دەرفەت و هەلانەی ئێستا کە لە ناوچەکە و ئێران هاتوونەتە پێش و ئەو پێویستییانەی کە ئێستا کورد وەک نەتەوە کاری لەسەر بکات تا لە داهاتووی ئێراندا نەخشی بنەڕەتیی هەبێت.

لە بڕگەیەكی دیكەی ڕێوڕەسمەکەدا هاوڕێی شاعیر ڕاوێژ، شێعرێکی حماسیی لەسەر ۱۰ی خاکەلێوە خوێندەوە.

دواتر گوڵاڵەی شەرەفکەندی لە بەشی دووەمی ڕێوڕەسمەکەدا بابەتێکی گرینگی پێشکەشی بەشداربووان کرد کە تایبەت بوو بە ڕوڵی پێشەوا قازی مەحممەد لە ناوچەکە و دامەزرانی کۆماری کوردستان و هەروەها تیشکی خستە سەر شۆڕشی ژینا و خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی و ئەرک و کاری لاوانی کورد لەم کاتەدا.

‎هەر لەو پێوەندییەدا شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ئیسکلیستونا لە وڵاتی سوید بە سەرپەرستیی هێرش بەهرەمەند، سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی نیشتەجێ لەو شارەیان کرد.

لەو سەردانەدا وێڕای پێشکەشکردنی چەپکە گوڵی ڕێزلێنان، هاوکات بەڵێن و پەیمان لەگەڵ خوێنی شەهیدان و ڕێبازی پاکی کوردایەتی و بنەماڵەی شەهیدان نوێ کرایەوە.