کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەھیدانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو

10:31 - 17 خاکەلێوه 2723

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خاکەلێوە، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەھیدانی کوردستان، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە، سویس و بێلژیک وێبینارێکیان بۆ دوکتور کوێستان گادانی، بەرپرسی ھەیئەتی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە برد.

وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی‌ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

لە بەشی یەکەمی وێبینارەکەدا دوکتور کوێستان گادانی بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە سەردەمی کۆمار وتی: ڕەخسانی بەستەر بۆ دامەزراندنی  ڕێکخراو و حیزب  و دوڵەتداری لە فۆرمی کۆماری کوردستان، یەکڕیزی و یەکیەتیی کوردان، هاوئاهەنگی و بەڕێوەبەری، بڕیاردانی دروست و بە مەیدانیکردنی بە وەخت و هاوکات دیالۆگ و وتووێژی ئاشتیخوازانە لە دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بوو.

ناوبراو سەرەڕای ئەوەیکە ١٠ی خاکەلێوەی بە ڕۆژێکی تاریک بۆ گەلی کورد ناو برد، وتی: ئەو ڕۆژە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کورد تۆمار کراوە.

لە بڕگەی دووەمی باسەکەدا، دوکتور کوێستان گادانی بە وردی باسی لە هەلومەرجی ئێستا و بەتایبەتی شۆڕشی ژینا کرد و وتی: ئێستا قۆناغی خەباتی سیاسیی کورد لە هەلومەرجێکی تایبەتدایە و بڕیارە سیاسییەکان چارەنووسسازن."