مستەفا مەولوودی
(کورتەیەک لە جوغرافیا و قۆناغه چارهنووسسازهكانی مێژووی گەلی کورد)
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان هەڵکەوتەی کوردستان پێناسە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە. بە تایبەت ئەوە کە کورد دەوڵەتی تایبەت بە خۆی نییە (کوردستان وەک کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ). هەر بۆیە سروشتییە کە پێناسەیەکی یەکدەستی نەبێت. بۆیە بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر کەمێک نموونە دەخەمە ڕوو کە بەپێی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هەڵکەوت و جوغرافیا و ڕووبەری کوردستان سیمایەکی تا ڕادەیەک ڕوونیان داوەتە دەستمان.
لە گوڤارێکی کۆنی ڕۆژهەڵاتناسیی یەکیەتیی سۆڤییەتدا هاتووە: کوردستان وڵاتێکە لە نێوان عێراق، پارس و تورکیەدا کە بەشێوەی دەستکرد دابەش کراوە و لە هەمانکاتدا چ لە باری ئابووری و چ لە باری ئێتنۆگرافییەوە یەکپارچەیە.
"ن. لازاریۆف" لە کتێبی مێژووی کوردستاندا دەنووسێ: "کوردستان ناوێکی ڕەگەزی و نەتەوەیی ڕوونە، واتە کوردستان ئەو خاکەیه کە کورد بەشێکی بنەڕەتی یان گرینگ لە دانیشتوانەکەی پێک دەهێنێت".
لە سەدەی دوازدەیەم لە سەردەمی سوڵتان سەنجەری سەلجووقی ( ١١١٨ز-١١٢٧ز ) ویلایەتێک ناو نراوە "کوردستان" کە مەڵبەندەکەی شاری "بەهار" بووه کە کەوتۆتە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەمەدان. ئەو هەرێمە ئەو ناوچانەی دەگرتەوە کە کەوتوونەتە نێوان ئازەبایجان و لۆرستان لەگەڵ هەمەدان، دینوەر، کرماشان و سنە لە ڕۆژهەڵاتی زەنجیرە چیاکانی زاگرۆس، هەروەها شارەزوور و خەفتیان لە ڕۆژئاوای زاگرۆس. بەڵام لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئەم ناوە بۆ یەکەم جار لە کتێبی "جامعە التواریخ" لە نووسینی "ڕەشیدەدین فەزلووڵڵا هەمەدانی"دا هاتووە کە لە ساڵی (١٣١٠ز-١٣١١ز ) ناوی کوردستانی هێناوە یان باشترە بڵێین ئەو هەرێمەی بە کوردستان ناساندووە.
حەمدوڵڵا مستۆفی لە کتێبی "نزهة القلوب"دا کە لە ساڵی ١٣٣٠-١٣٤٠دا نووسیویەتی، دەڵێ "کوردستان لە ١٦ ویلایەت پێکهاتووە، ئاو و هەوای سازگارە و لەگەڵ عێراقی عەرەب و خوزستان و عێراقی عەجەم و ئازەبایجان و دیاربەکر هاوسنوورە".
"ئەولیا چەڵەبی"، "مارکۆپۆلۆ" گەڕیدەی ئیتالی، "یاقووتەلحەمدی"، "ئەلعەمری" چەند کەسێکی دیکەن باسیان لە کوردستان و جوغرافیاکەی کردووە. دوکتۆر عەبدوڵڕەحمان قاسملوو لە کتێبی "کوردستان و کورد"دا ئاوا باس لە کورتەیەک لە جوغرافیای کوردستان دەکات: "کوردستان، وڵاتی کوردان لە ئاسیای ڕۆژئاوا کەوتۆتە بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەوڵەتێکی سەربەخۆی لێ پێک نەهاتوە، چونکە خاکی کوردستان لە نێوان ئێران، عێراق، تورکیە و سووریەدا بەش کراوە. وشەی کوردستان بەڕەسمی و بە شێوەیەکی نێونەتەوەیی دانی پێدا نەنراوە و لە نەخشە و کتێبە جوغرافیاییەکاندا بەرچاو ناکەوێ. وشەی کوردستان بێجگە لە ئێران کە تەنیا بۆ ناوچەی سنە بەکاری دێنن، لە هیچ شوێنێکی تر بەڕەسمی بەکار نابرێ. کەوابوو دیاریکردنی سنووری هەموو کوردستان کەمێک سەختە، بەڵام بە لێکدانەوەی ئەو مەڵبەندانەی کوردیان تێدا نیشتەجێیە و لە باری مێژوویی و هەڵکەوتەوە بە یەک وڵات دەژمێردرێن، دەتوانین سنووری کوردستان بەم جۆرە دیاری بکەین: لە شیمالی ڕۆژهەڵاتی لوتکەی ئاراراتەوە خەتێکی ڕاست دەست پێ دەکا، بەرەو جنووب بۆ بەشی جنووبی زاگرۆس و پشتکۆ دێتە خوارێ، لەوێ ڕا خەتێکی ڕاست بۆ لای ڕۆژئاوا دەکێشین هەتا دەگاتە شاری مووسڵ لە عێراق، لەوێوە خەتێکی ڕاست بۆ لای ڕۆژئاوا کە لە مووسڵەوە دەگاتە بەشی تورک نشینی ویلایەتی ئەسکەندەروون و لەو نوختەوە خەتێک بۆ لای شیمالی ڕۆژهەڵات ڕادەکشێ تا دەگاتە ئەرزەڕۆم لە تورکیە، پاشان لە ئەرزەڕۆمەوە خەتێک بەرە و ڕۆژهەڵات دێ تا دەگاتەوە لوتکەی ئارارات. بەم جۆرە ڕووبهری کوردستان بە تێکڕایی دەگاتە نیزیکەی ٤٠٩٦٥٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە، یانی بەتەنیا لە خاکی بریتانیا، هولەند، بێڵژیک، سویس و دانمارک بەرینترە. خاکی کوردستان ١٩٤٤٠٠ کیلۆمیتری کەوتۆتە بەری تورکیە، ١٢٤٩٥٠ کیلۆمیتری بەری ئێران، ٧٢٠٠٠ کیلۆمیتری بەری عێراق و ١٨٣٠٠ کیلۆمیتری لە بهری سووریەیە.
کە سەیری لێکۆڵینەوەی مێژوونووسان دەکەین. چ ڕۆژهەڵاتناسان، چ تورک، عەرەب، فارس و تەنانەت کوردیش، ڕووبەرێکی یەکدەست وەک یەکمان لە جوگرافیا و پانتایی کوردستان نادهنه دەست، ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر سروشتییە:
یەکەم: لەبەر ئەوەی تا ئێستاشی لەگەڵ بێ وەک پێویست لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەسەر جوغرافیای کوردستان نەکراوە.
دووهەم: کوردستان وەک یەک نیشتمان هەموو خاکەکەی بەسەر یەکەوەیە، بەڵام وەک دەوڵەت لەنێو چوار دەوڵەتدا و تەنانەت زیاتریش دابەش کراوە. هەر ئەوە وای کردوە بەئاسانی نەتوانرێ ڕووبەری ڕاست و دروست و تەواوی کوردستان بەسەریەکەوە بقەبڵێنرێ و بیپێورێ.
سێهەم: وەک پێویست سەرچاوە و بەڵگەنامە لەبەر دەستدا نەبوون تا بە سانایی کار لەسەر جوغرافیا و ڕووبەری کوردستان بکرێ.
چوارەم: بەدرێژایی مێژوو، کوردستان گۆڕەپانی شەڕی فەرمانڕەوایانی ئێران، تورک، عەرەب، ڕووسیە و زۆر پەلاماردەر و زلهێزی دیکە بووە. ئەوەش کاریگەریی لەسەر خاک و هەڵکەوتە و جوغرافیای کوردستان داناوە.
پێنجەم: دابەشکردنی کوردستان لە دوای شەڕی چاڵدێڕان و ڕێککەوتنی زەهاو، و بە تایبەت پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و ئەوجار بەشکردنی بەسەر سێ دەوڵەتی دیکەدا، کاریگەریی زۆر تایبەتیی لەسەر مەڵبەند و هەرێمی کوردستان بە گشتی داناوە.
قۆناغه چارهنووسسازهكانی مێژووی گەلی کورد
"ئیبنی خەلدوون" دەڵێ: مێژوو، گەڕان و تێڕوانین و وردبوونەوە و هەڵگێر و داگێڕکردنی ڕووداوەکانە. هەروەها هێرۆدۆت پێش دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لە یۆنان گوتوویەتی: مێژوو گەڕان و پشکنینە بە دوای کرۆکیی ڕووداو و کارەساتە کۆنەکاندا. شەڕەفخانی بەدلیسیی کوردیش لەم بارەوە دەڵێت: مێژوو لە سەرووی هەموو هونەرەکانەوەیە.
قسەی ئەو سێ زانایە لە ڕاستیدا گرینگی و بایەخی مێژوومان بۆ دەردەخا، بەڵام کاری ئێمە لەو نووسینەدا گەڕان و تێڕوانین و وردبوونەوە لە مێژوو نییه و ههروهها پشکنین نییە بە دوای کرۆکیی ڕووداو و کارەساتە کۆنەکاندا. توانایی هونەرییشمان لەو ئاستەدا نییە تا لەو بوارەدا هونەری خۆمان بنوێنین. جیا لەوە مەبەستی ئەو نووسراوەیەش، قسەکردن لەسەر مێژوو نییە، بەڵام مادام قسە لەسەر چەند کۆنگرە، کۆنفرانس، بەڵێننامە، پەیماننامەی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی دەکەین کە کاریگەریی زۆر چارەنووسسازیان لە مێژوودا لەسەر ژیانی سیاسی و نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگیی گەلی کورد داناوە، ناچارین بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، ئاوڕێکی هەرچەند کورتیش بێ، لە مێژووی کورد بدەینەوە.
"هۆشیار عەبدوڵڵا سەنگاوی" لە پێشەکیی کتێبی "مێژووی کوردستان" لە نووسینی لازاریۆف دەنووسێ: لە ڕاستیدا قەڵەمەکان بەشەرمەوە ڕوو دەکەنە سەر ڕووبەری کاغەزەکان، کاتێک دەتهەوێ شتێک سەبارەت بە مێژووی کورد بنووسی، چونکە ئەوەندە نەخشە و پیلان و پەیماننامە و ڕێککەوتننامەی نهێنی و ئاشکرا لە مێژوودا لە دژی کورد نووسراوە". هەروەها نووسەران و مێژوونووسانی فارس، تورک و عەرەبیش زۆر بە کەمی و دەگمەن نووسراوەیەکیان لەسەر لاپهڕهكانی مێژوو تۆمار کردوە کە بە تەواوی و بێ کەموکوڕی لە بەرژەوەندیی نیشتمانی کوردستان و نەتەوەی کورد دابن. بەڵام ئەوەی لە مێژوودا بۆمان دەردەکەوێ کورد توانیویەتی خۆڕاگر بێ و ڕابوەستێ و لە ڕووی ڕەگەز و زمان و کولتوور و داب و نەریتەوە پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات. من لەو کورتە نووسینەدا باس لە کوردستان و مێژووی کورد دەکەم کە بە یەکێک لە هەرە نەتەوە ڕەسەنەکانی ئاسیای ڕۆژئاوا ئەژمار دەکرێ کە نیشتمان و شوێنی نیشتەجێبوونیان نەگۆڕاوە.
توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر کوردستان و کورد زۆرتر و بە چڕی لە سەردەمی هێرشەکانی عەرەبدا دەست پێ دەکا کە کورد بەشداریی لە زۆربەی ئەو ڕووداوە گەورە و بچووکانە کردوە کە لەو مەڵبەندە ڕوویان داوە و کاریگەریی بەرچاویان لە شارستانییەتی نێوخۆیی و ناوچەیی و تەنانەت جیهانیشدا هەبووە. هەر چەندە بە زۆر هۆی مێژوویی و سیاسییەوە و لە هەمووی گرینگتر نەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی ئامارێکی ڕاست و دروستی حەشیمەتی کورد بە تەواوی نازانرێ بەڵام بەپێی پێوانە و ڕێژە و مێژووی ئەو گەلە، مەزەندە دەکرێ حەشیمەتی کوردستان لە ئێستادا خۆی لە ٤٠ میلیۆن کەس بدا کە ئێستاش لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی و مافی چارەنووسی خۆیدا لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامە. هەر لە سۆنگەی ئەو خەبات و تێکۆشانە بەردەوامە دایە کە پرسی کورد لە ئێستادا یەکێک لە زیندووترین پرسە نەتەوەیییەکانی هاوچەرخە.
بەڵگە مێژووییەکان دەڵێن کە ژیانی کورد لەو مەڵبەند و ناوچە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا و کورد لە نەتەوە هەرە کۆن و دێرینەکانی ئەو ناوچە و هەرێمەیە كه وەک پێکهاتەی گەلێکی ڕەسەنی نەتەوەیی لەسەر ئەو خاک و نیشتمانە دەژی کە ئێستا بە کوردستان ناسراوە. لە ڕاستیدا پرسی کورد زۆر کۆنە و لەگەڵ مێژوو پەیدا بووە. بۆیە وەک پرسێکی مێژوویی پێویستی بە چارەسەریی تەواو هەیە. هەر لە سەدەکانی (چاخەکان) نێوەڕاستدا و لەو کاتەی کە میرنشینە کوردییەکان ڕاگەیەندران و بۆ یەکەم جار لەسەر شانۆی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرکەوتن و ڕایانگەیاند کە بە مافی خۆیانی دەزانن وەک کورد خاوەنی کیان و دەسەڵاتی خۆیان بن، پرسی کورد بوو بە کارەکتەرێکی هەمیشەیی لە ژیانی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەی کە لە ناوچەی ئاسیای ڕۆژئاوادا گەلی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە.
پووختەی قسە ئەوەیە کە مێژووی کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی گەلانی ئاسیای ڕۆژئاوا و هەروەها مێژووی گەلانی ئەو ناوچە و ولاتانەش دابڕاو نییە لە مێژووی گەلی کورد. بەڵام بەم حاڵەش سروشتیە کە ئەو ڕەگەزە زۆر و گرینگیانەی کە لە مێژووی کورد و کۆمەڵگەی کوردیدا بەدی دەکرێت و جیای دەکاتەوە لە گەلانی تر، ببێتە هۆی ئەوەی کە مێژووی کورد بایەخ و گرینگیی کولتووری، مێژوویی و سەربەخۆی خۆی هەبێت.
ئەو کوردستانەی کە کەوتۆتە نێو جەرگەی ئاسیای ڕۆژئاوا و نەتەوەی کورد زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانەکەی پێک دێنن، بە درێژایی مێژوو سنووری گەلی کورد بووە بەڵام ئەو شوێنە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بۆیە هەرچەند ئاسان نییە بتوانین ئەو سات و ڕۆژگارانە دەست نیشان بکەین کە ڕەگەزی کوردی تێدا پەیدا بووە، بەلام دەتوانین بە دوو قۆناغ دابەشی بکەین.
قۆناغی یەکەم ئەو قۆناغەیە کە هۆز و تیرە یەکگرتووەکان لە مێژوودا دەرکەوتن کە ئەوانە بە پێشینە یان باب و باپیرانی نەتەوەی کورد دابنێین. دیارە هەرچەندە ڕا و بۆچوونی جیاوازی زۆر لەسەر ئەو بابەتانە هەیە بەڵام ئەوەی کە توێژەرەکان لەسەری هاوڕا و کۆکن ئەوەیە کە وێ دەچێت مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هەزارەی چوارەمی پێش زایین. لەو کاتەوە کە یەکەمین شارستانییەت پەیدا بوو لە ناوچەی نێوان دوو ڕووباری مێزۆپۆتامیا لە بەشی ناوچەی شاخاوی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بهپێی توێژینەوەکان لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پێش زایین و سەرەتای هەزارەی سێهەم گەلانێک دەرکەوتوون لە ئاسیای ڕۆژئاوا کە دەتوانین بە سەرەتا و پێشینی کوردیان دابنێین. وەک: ئاسۆرییەکان، سومەرییەکان، گوتییەکان، لۆلۆییەکان، کاشیەکان و کاردۆخیەکان کە دەکرێ ئەوانە وەک خزمایەتی ڕەگەزی بۆ نەتەوەی کورد ئەژمار بکەین. هەرچەندە دەکرێ گەلە هاوچەرخەکانی دیکەی ئاسیای ڕۆژئاوا لە پێوەندی لەگەڵ خۆیاندا هەمان بانگەشە بۆ پێشینەی خۆیان بکەن.
قۆناغی دووهەم لە هەزارەی یەکەمی پێش زایینەوە دەست پێ دەکا کەگۆڕانی پێکهاتە و دروستبوونی گەلی کورد بە کولتووری نەتەوایەتییان لێ پەیدا بووە و کورد بوون بە گەلێکی خاوەن تایبەتمەندی خۆیان لەو هەرێمەی ناوچەی زاگرۆسی باشوور و بە تایبەت هەر دوو بەشی شاخاوی و دەشتایی ئەو ناوچەیە پێکەوە بوون بە مەڵبەندی جوغرافیای کورد یان "کورت" یان ئەوەی لەو ناوە نیزیکە وەک ناوەکانی "گووتی" کە لەم ناوچەیە پەیدا بووە و لە زۆر کتێبی نووسەرە دێرینەکانی یۆنانی وەک بۆلیبی، سترایۆن، بۆلینی گەورە، تاتیست و کەسانی تریش ئاماژەی پێ کراوە. هەروەها گەزنەفۆن لە ساڵی ٤٠١ی پێش زایین لەسەر کاردۆخییەکان شتی نووسیوە.
قۆناغی دروستبوونی ڕەگەزی کورد ماوەیەکی دوور و درێژی خایاندووە کە لە هەزار ساڵ کەمتر نەبووە واتە لە سەدەی شهشهمەوە تا سەدەی دووههمی پێش زایین، ئەو کاتەی کە ساسانییەکان، ئەشکانییەکان و پارسییەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچە کوردییەکاندا سەپاندووە کە لە سەردەمی ساسانییەکاندا زمانی کوردەکان تەواو جیاواز بووە لە زمانی هەموو ئێرانییەکان. تەنانەت ئەوکاتەش کە عەرەبەکان دەستیان بەسەر کوردستان داگرت، گەلێکی پێکهاتووی تەواویان دیت کە خاوەن زمان و کولتوور و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی خۆیەتی کە بە ڕەچەڵەک کوردی ڕەسەن بوون کە لەو قۆناغەوه مێژووی کورد دەست پێ دەکات. بە بۆچوونی مێژوونووسانی مێژووی ڕەگەزی کورد دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی ساسانییەکان.
کۆی قسەی مێژوونووسان ئەوەیە کە ڕەگەزی کوردیش لەو ناوچەیە وەک هەموو نەتەوەکانی دیکەی (گەلانی هاوچەرخ) سەر ئەو هەسارە بهو ئاراستهیهدا تێپهڕیوه کە تێکەڵەیەکن لە ڕەگەز و نەتەوە زۆر جیاوازەکان کە بە قۆناغی مێژوویی دوور و درێژدا تێپەڕیون تا ئەو گەلانەی لێ پێکهاتووە و کەمتر نییە لە ٧ تا ٨ هەزار ساڵ. بە دوای ئەو مێژووه کۆن و دێرینە، نزیک بە دوو سەدە لەشکەرکێشی و پەلاماردان و ئاژاوە و ئاڵۆزیمان ههیه لە نیوەی دووهەمی سەدەی دوازدەیەم هەتا سەدەی چواردەیەم کە سەدەی ئاژاوە و ئاڵۆزی بووە بۆ گەلی کورد. چونکە لەو سەردەمدا كورد لە ململانەیەکی قورسدا بووە لە پێناو مانەوەی لە بەرانبەر مەترسیی پاکتاوکران یان توانەوەی لە لایەن داگیرکەرانی عەرەب و تورک و مەغۆلەکان؛ هەروەها لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم تا سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم قۆناغێكی دیكه له مێژووی گهلی كورده، ئەوکاتەی کە کورد دابەش کرابوو لە نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەوی.
کۆی ئەو باس و سەربردانە بۆ ئەوەیە بڵێین سەرەڕای ئەو هەموو پیلان و شەڕ و هەوڵدان بۆ نەمان و پاکتاوکردنی کورد، کورد لەو ناوچەیە (ئاسیای ڕۆژئاوا) هەر ماوەتەوە و خۆڕاگر بووە.